یەکێک لەو کۆچبەرانەی لە لیبیا گەڕێندرایەوە: ژمارەیەک کورد لە زیندانەکاندا ماون

07-11-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو 25 کۆچبەرەی لە زیندانەکانی لیبیا بوون گەیشتنەوە هەولێر، کە بەشێوەیەکی نایاسایی چووبوونە نێو خاکی ئەو وڵاتە. یەکێک لە کۆچبەرەکان دەڵێت، هێشتا ژمارەیەک کورد لە زیندانەکانی لیبیادا ماون.
 
ئەمڕۆ هەینی 07-11-2025 رامیار حەیدەر، یەکێک لەو 25 گەنجەی کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاریی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە هەولێر، لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنیەوە بە ئەبوبەکر ئیمساعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرین، کاروباری پشکنین تەواو بێت، [بەرەو رانیە] بەڕێ دەکەوین.''
 
بە گوتەی رامیار، جیا لە چوار کەسیان، سەرجەم کۆچبەرە گەڕاوەکان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن.
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، دۆخیان لە زیندانەکانی لیبیادا زۆر خراپ بووە، ''هەر بە تەمای خۆمان نەبووین، تاوەکو ئێستاش بڕوا ناکەین، کە گەڕاوینەتەوە.''
 
 
وەک رامیار حەیدەر ئاماژەی پێدا، هێشتا ژمارەیەک کورد لەنێو زیندانەکانی لیبیادا ماون، کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانن، داوا لە گەنجان دەکات کۆچ نەکەن و دەڵێت، "ئەورووپا ئەوە ناهێنێت. ئەوەی رێگەکەی بینیبێت لە هەستی من تێدەگات."
 
حەیدەر عەبدوڵڵا، باوکی رامیار بە رووداوی گوت، ''لە 14ی تەممووزەوە کوڕەکەی من رۆیشو دوو مانگ لە توونس بوو و لەوێوە چووەوە لیبیا و زیاتر لە مانگێک دەستبەسەر کرا. تاوەکو ئێستا قاچاخچییەکان حەوت جار فرۆشتوویانە و دەستاودەستیان پێکردووە.''
 
کۆچبەرەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەعیتیقە لە تەرابلوسەوە بەڕێکەوتن و هاتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
 
دوێنێ ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە رووداوی راگەیاند، هەوڵەکانی باڵیۆزخانەکە چڕکراونەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی 12 کۆچبەری دیکە کە لەم کاتەدا لە پارێزگای میسراتەن، کە نزیکەی 250 کیلۆمەتر لە تەرابلوسی پایتەختەوە دوورە.
 
باڵیۆزخانەکە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە، تیمێکی کۆنسووڵگەریی رەوانە کردووە بۆ سەردانیکردنیان بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان.
 
ئەم ساڵ چەند جارێک گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا و توونسەوە دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێ لەو وڵاتانەوە بە دەریادا خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.