رووداو دیجیتاڵ
دوای پێنج کاژێر ئاگرەکەی قامیشەڵانی زرێباری مەریوانی پارێزگای سنە کۆنترۆڵ کرا. بەڕێوەبەری ژینگەی مەریوان دەڵێت، زیاتر لە 10 هێکتار لە قامێشەڵانەکە سووتاوە.
ئاگرەکە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 06-11-2025، لە بەشی رۆژهەڵاتی قامیشەڵانی دەریاچەی زرێباری مەریوانی پارێزگای سنە کەوتەوە. مەهدی بالیدە، بەڕێوەبەری ژینگەی شارەکە رایگەیاند، ''سەرەتا لە کاژێرێکدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵکردنی با، دووبارە تەشەنەی سەندەوە.''
بەگوتەی مەهدی بالیدە، دوای پێنج کاژێر لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پاراستنی ژینگە، توانرا جارێکی دیکە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێتەوە.
لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە. وەک بەڕێوەبەری ژینگەی مەریوان گوتی، لە ئاگرکەوتنەوەکەدا زیاتر لە 10 هێکتار قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار سووتاوە.
دەریاچەی زرێباری مەریوان هەزار و 200 هێکتار قامیشەڵانی هەیە؛ لەنێو قامیشەڵانەکاندا دەیان جۆر باڵندە و زیندەوەر دەژین.
ساڵانە ئاگرکەوتنەوە لە قامیشەڵانەکەدا چەند بارە دەبێتەوە کە هۆکارە بۆ بچووکبوونەوەی رووبەری سەوزایی دەوروبەری دەریاچەکە و گیانی بوونەوەر و پەلەوەرەکان دەخاتە مەترسییەوە.
دەریاچەی زرێبار یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە لە رۆژئاوای شاری مەریوان هەڵکەوتووە و ئیکۆسیستمێکی ناوازەی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ