رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوا لەو حیزبە کوردستانییانەی کەرکووک دەکات کە ناتوانن کورسی ببەنەوە، دەنگ بە لیستی پارتی بدەن بۆ ئەوەی دەنگی کورد نەفەوتێت.
ئەمڕۆ هەینی، هیوا ئەحمەد مستەفا، قسەی بۆ هیوا حسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک کرد و گوتی: سوپاسی رووداو دەکەم کە رۆڵێکی باشی هەبووە لە کەرکووک. ئاماژەی بەوەشکرد، "تیمەکانی ئێمە زۆر باش لە هەموو میحوەر، لق و ناوچە و رێکخراوەکان کاریان کردووە، هەموو ئەو لیژنانەی دروستمان کردبوون کاری باشیان کردووە، هیوادارین دەنگمان گەیشتبێنە هەموو دەنگدەرێکی خۆمان و داوامان لێکردبن دەنگ بدەن بە لیستی 275."
لەبارەی دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک و دەوروبەریشی گوتی: "ئێمە رازین و هەر کەسێکیش دەبینم رازییە لە شێوازی بانگەشە، تائێستا زۆر بە نەرمی و هێمنی بەڕێوەچووە و هیچ گیروگرفتێک نەبووە."
بە گوتەی هیوا ئەحمەد مستەفا، حیزبەکەی چاوی لە کورسیی "زۆرە" لە کەرکووک، "بەڵام خواست شتێکە و واقیع شتێکی دیکە، چاومان لەوەیە دەنگمان زیاد بکات، پشت بە خوا و میللـەت و دەنگدەری خۆمان دەنگمان زیاد دەکات."
لە هەڵبژاردنەکاندا، بەشێکی دەنگدەر هەن پێیان دەگوترێ "خۆڵەمێشی" واتە ئەو کەسانەی هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە دەنگ بدەن یاخود دەنگ بە کام لایەن بدەن.
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دەڵێت: "هەوڵمانداوە دەنگی خۆڵەمێشی بەدەستبهێنین، ئەوانەی کە دوودڵن یان نیگەرانییەکیان لە حیزبەکانی دیکە هەیە، ئەوەی کە تازە مافی دەنگدانی هەیە و لە هیچ حیزبێک نییە دەنگی ئەوانیش بەدەست بهێنین و کارمان لەسەر ئەوانیش کردووە."
لە کەرکووک، جگە لە پارتی و یەکێتی، نەوەی نوێ، بەرەی گەلەکەمان و حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیش بەربژێریان هەیە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان ئەگەری بردنەوەی کورسییان لاوازە.
هیوا ئەحمەد مستەفا دەڵێت، "خۆزگە هەموو لایەنەکان [کوردستانییەکان] بیانتوانیبا کورسی ببەنەوە، بەڵام بڕواناکەم [جگە لە پارتی و یەکێتی] هیچ لایەنێکی کوردستانی لە کەرکووک کورسی بباتەوە. هیوادارین ئەو حیزبانەی ناتوانن کورسی ببەنەوە، دەنگ بە ئێمە بدەن وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێمە هێڵی کوردایەتی و پێکەوەژیانین لەناو کەرکووک، ئێمە نوێنەرایەتیی ئەو حیزبە دەکەین کە ئاوەدانی، ئەمن و ئاسایش و رووناکی دەهێنێتە هەر شوێنێک کە ئەوی لێبێت."
دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایان
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، زەوی بەسەر نزیکەی شەش هەزار مامۆستای سنووری کەرکووکدا دابەش دەکرێت.
هیوا ئەحمەد مستەفا لەوبارەوە دەڵێت: "ئێمە پێشنیازمان کردووە 5812 مامۆستا لە کەرکووک زەوییان پێبدرێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر داوە و لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی هەرێمی کوردستان قسە دەکەین بۆ ئەوەی شوێنێکی باشیان بۆ دیاری بکرێت و مامۆستایان لێی سوودمەند بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ