رووداو لەگەڵ سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوبەشیی رادەگەیێنێت

07-12-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تۆڕی میدیایی رووداو و سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNFPA) بۆ راهێنانی ئافرەتان لە بواری کاری میدیایی هاوبەشییان راگەیاند.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7-12-2023، لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر، رووداو و سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان هاوبەشییەکەیان راگەیاند.
 
لەبارەی کاری هاوبەشی نێوانیانەوە و لە سەرەتای رێورەسمەکەدا، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "تۆڕی میدیایی رووداو لە ماوەی رابردوودا هاوبەشیی سەرکەوتووانەی هەبووە لەبواری فێرکردن و راهێنانی رۆژنامەڤانی، پلانیشمان هەیە بۆ بایەخدانی زیاتر بەو بوارە. هاوبەشیکردنی UNFPA لەگەڵ رووداو هاندانێکی زۆر گەورەیە بۆ ئەو پلانەمان. چاومان لەوەیە ئەو هاوبەشییە زۆر سەرکەوتووبێت و فراوانتری بکەین".
 
ئاکۆ محەممەد لەبارەی رۆڵی کچان و ژنان لە رووداو باسی لەوە کرد، "رووداو تائێستا چەندان خەڵاتی لە جیهان وەرگرتوون لەبەر کاری سەرکەوتووانەی لە هاندان بۆ باشترکردنی یاساکان بۆ پاراستنی ژنان لە تووندوتیژی، دابینکردنی زانیاری و دروستکردنی گفتوگۆی بەرهەمدار لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بەشداری ژنان لە رووداو لە فراوانبوونێکی زۆردایە، هەروەها لە کاری خۆبەخشیدا کچان زۆر زیاتر لە کاری رووداو نزیک دەبنەوە. دڵنیام ئەوەی ئەمڕۆ دەست پێدەکەین هەنگاوێکی دیکەی زۆر بەرهەمدار دەبێت".
 
هاوکات، لە رێوڕەسمەکەدا، گارێک هایراپێتیان، جێگری نوێنەری UNFPA گوتی، "لەم پرۆژەیەدا و لە قۆناخی یەکەمدا لەگەڵ ژنان پێکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ببنە سەرکردە و خاوەن بیروڕای خۆیان".
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمی هاوبەشییەکەیە و لە داهاتوودا کار و پرۆژەی دیکەیان دەبێت. گوتی، "پلانمان هەیە ساڵی داهاتوو بچینە قۆناخی دووەم و رەگەزی نێریش بهێنینە نێو گۆڕەپانەکە، چونکە پیاوانیش دەبێت بەشدارییان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی ئەم پرسانە".

 

 

دەقی گوتەکانی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو:
 
ئامادەبووانی بەڕێز،
 
رۆژتان باش، بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ ئەم بۆنەیە گرنگە. ئەمڕۆ هاوبەشیی نێوان سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان UNFPA و تۆڕی میدیایی رووداو رادەگەیێنین بۆ راهێنانی ئافرەتان لە بواری کاری میدیایی دا.
 
بەم بۆنەیەوە دەمەوێت سوپاسی بەڕێز گارێک هایراپێتیان، جێگری نوێنەری UNFPA و بەڕێز سانا کاروان و هەموو ستافی UNFPA بکەم، هەروەها سوپاسی هەردوو هاوکاری بەڕێزم روەیدا مستەفا و عەلی سەرباز دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەو هاوبەشییە.
 
رۆڵی رۆژنامەڤانان لە بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی و نادادپەروەری یەکجار زۆربووە لە هەموو کاتێکدا، ئێستا ئەو رۆڵەی میدیاکاران بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجییەوە زۆر فراوانتر بووە.
 
دەستگەیشتن بە زانیارییەکان زۆر زیاتر و بەربڵاوتربووە، ئەوەش مایەی دڵخۆشییە، چونکە مرۆڤ کە زانیاری هەبوو، زیاتر و کاریگەرتر بەرەنگاری نایەکسانی دەبێتەوە و هەوڵدانی بۆ دروستکردنی دادپەروەری زۆر بەهێزتر دەبێت.
 
بەپێی دوایین ئاماری خەمڵێندراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە ئەمڕۆ دراوەتە رووداو، ژمارەی دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن و 324 هەزار کەسە، کە 49.5% لە رەگەزی مێن و 50.5% لە رەگەزی نێرن، بەڵام هێشتا ئەو رێژەیە لەنێو بوارەکانی ژیان و کارکردندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق رەنگینەداوەتەوە. زۆربوونی رۆژنامەڤانی چالاکی ژن دەتوانێت نموونەی زۆر گرنگ و هاندەربێت بۆ زیاتر هاتنەپێشەوەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر کێشە و سەرکەوتنەکانی ژنان ببنە مژاری راگەیاندن و رای گشتی و پشتیوانی بۆ دروست ببێت. لەبەرئەوە ئەم هاوبەشییەمان هەنگاوێکی گرنگە لەسەر رێگەیەکی راست بۆ یەکسانی لە کۆمەڵگە و بوارێکی گرنگی کاردا.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە ماوەی رابردوودا هاوبەشیی سەرکەوتووانەی هەبووە لەبواری فێرکردن و راهێنانی رۆژنامەڤانی، پلانیشمان هەیە بۆ بایەخدانی زیاتر بەو بوارە. هاوبەشیکردنی UNFPA لەگەڵ رووداو هاندانێکی زۆر گەورەیە بۆ ئەو پلانەمان. چاومان لەوەیە ئەو هاوبەشییە زۆر سەرکەوتووبێت و فراوانتری بکەین.
 
تۆڕی میدیایی رووداو بایەخێکی تایبەت بە گەشەپێدانی بەردەوام دەدات کە لە ساڵی 2015ـەوە بووەتە پلان و ئامانجێکی سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکان. لەو چوارچێوەیەدا رووداو بایەخێکی زۆر بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەدات، هەروەها بایەخ بە تەندروستی و پەروەردە، تەندروستی دایکان لەکاتی لەدایکبوون و پەوەردەکردنی منداڵان، ئابووری و چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی جیاکاری بەرامبەر کۆچبەران و کرێکاران دەدات.
 
هەروەها رووداو زۆر بایەخ بە ژینگەی کاری گونجاوی ناوخۆییش دەدات، لەبەرئەوەش دەیان کچ لەنێو رووداوەوە بوونەتە کەسانی کاریگەر و ئەستێرەی نێو کۆمەڵگە.
 
رووداو تائێستا چەندان خەڵاتی لە جیهان وەرگرتوون لەبەر کاری سەرکەوتووانەی لە هاندان بۆ باشترکردنی یاساکان بۆ پاراستنی ژنان لە تووندوتیژی، دابینکردنی زانیاری و دروستکردنی گفتوگۆی بەرهەمدار لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان. لەو بوارەدا بە شانازییەوە باس لە کاری هاوکارانمان ئاڵا شاڵی، شەهیان تەحسین، هیڤیدار زانا، سیما ئاپخێزەر، نمە نەبەز، نالین حەسەن، بانوو دڵشاد، هەوار جەلالەدین، لونا خالد، سوورەییا حوسێن، دڵنیا رەحمان، پەیام سەربەست، هەڵەبجە سەعدوون، سازگار سەلاح، لیلیا میراوتسا و عەدلە بەکر و چەندانی دیکە دەکەین کە بوونەتە ئەستێرەی زۆر دیار و ناوی خۆشەویستی کۆمەڵگە. هەروەها دەبێ پێشکێشکاری بە توانا و شەهیدمان شیفا گەردی و دەیان بەڕێوەبەری بەش و دیسک و ئیدیتۆر و  تەکنیککار و کارمەندی دیکەی ژن لەبیر نەکەین، کە ئەمڕۆ بەبێ ئەوان کاری رووداو بەڕێوەناچێت. ئەو هاوکارانەمان هێزێکی زۆر گەورەن بۆ رووداو، چونکە کاری داهێنەرانە و ورد دەکەن.
 
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بەشداری ژنان لە رووداو لە فراوانبوونێکی زۆردایە، هەروەها لە کاری خۆبەخشیدا کچان زۆر زیاتر لە کاری رووداو نزیک دەبنەوە. دڵنیام ئەوەی ئەمڕۆ دەست پێدەکەین هەنگاوێکی دیکەی زۆر بەرهەمدار دەبێت.
 
جارێکی دیکە بەخێربێن و هەر لە ئێستاشەوە جەژنی کریسمس لە باوەڕمەندە کریستیانەکان پیرۆز دەکەین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە