رووداو دیجیتاڵ
دوای تێکدانی ژمارەیەک گۆڕی کریستیانەکانی قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، لە سەنتەری شاری هەولێریش چەند کیلێکی گۆرستانێک دەشكێندرێن. بەڕێوەبەری ئەوقافی شارەکە دەڵێ، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن. یەکێتیی زانایانیش تێکدانی گۆڕ بە "تاوان" پێناسە دەکات و سەرکۆنەی دەکات.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک کێل لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر شکێندراون.
نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەدواداچوون بۆ هەواڵی تێکدانی گۆڕەکان دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین راستە یان نا."
بەرپرسێکی باڵای کارگێڕیی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوە جاری یەکەم نییە و لە رابردووش هێرشی وا دژی گۆڕەکان کراوە، تاوەکو ئەمڕۆ دڵنیا نەبووینەتەوە ئەوەی بڵاوبووەتەوە نوێیە یان ئەو کێڵانەن پێشتر شکێندراون."
4ی ئەم مانگە لە قەزای کۆیە ژمارەیەک گۆڕی کریستیانەکان لە گوندی هەرمۆتە شێوێندران و ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانییان، کریستیانەکان، حکومەت و حیزبەکانی لێکەوتەوە.
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "17 گۆڕ کێلەکانیان شکێندراوە و شێوەێندراون، بەڵام هیچیان هەڵنەدراونەتەوە؛ هەموویان نۆژەن دەکرێنەوە."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر جۆرە بێ رێزییەک بە مرد و یان زیندوو وەکو یەک تاوانە، چونکە دەچێتە خانەی سووکایەتی بە مرۆڤەوە و پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە."
پۆلیس و ئاسایشی کۆیە لێکۆڵینەوەیان لە تۆمەتبارانی شکاندنی گۆڕەکان دەستپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دەستگیرکردنی هیچ تۆمەتبارێکیان رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ