رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە تەواوی هێزەکانیان لە هەموو شارەکان بۆ رووداوی نەخوازراو و ئەگەری دروستبوونی لافاو خستووەتە ئامادەییەوە.
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتیمان، تەواوی تیمەکانمان لە هەموو هەرێمی کوردستان لەمڕۆوە خرانە ئامادەییەوە بۆ 5 رۆژ."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی كەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. هەروەها هۆشداری لە دروستبوونی لافاو لە ناوچە نزمەکان و دۆڵەکان دەدرێت.
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش گوتیشی، "بەڕێوەبەرایەتییەکانمان لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادار کراونەتەوە کە تیمەکانیان لە ئامادەییدا بن بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان داوای لە هاونیشتمانیان کرد، لە هەر ناوچەیەک پێویستییان بە فریاگوزاری بوو، پەیوەندی بە ژمارە (115)ـەوە بکەن بۆ ئەوەی تیمی فریاگوزارییان بۆ بنێردرێت.
سەرکەوت کاڕەش گوتی، "هەموو ئەو ئۆتۆمبێل و کەرەستانەی بۆ رووداوی نەخوازراو و لافاو پێویستن بۆ هاوکاریی خەڵک، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانمانەوە ئامادە کراون بۆ بەکارهێنان لەکاتی پێویستدا."
بڕیاری ئامادەباشی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان لەسەر داوا و پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بووە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلی بارانبارین ئەمڕۆ لە هەموو ناوچەکان دەستپێدەکات و سبەی لە بەشێکی ناوچەکان "لێزمەباران دەبارێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ