رووداو دیجیتاڵ
قسەکانی گوتاربێژی نەجەف لەسەر هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان، نیگەرانیی یەکێتیی زانایانی ئایینیی لێکەوتووەتەوە. سەرۆکی یەکێتییەکە دەڵێت: "ئەو دەڵێ لە کوردستان گوند وێران دەکرێ و کۆمەڵکوژی دەکرێ، بۆیە داواکارم بێت و لە نزیکەوە کوردستان ببینێت".
سەدرەدین قەبانجی، ئیمام جومعەی نەجەف، لە گوتاری رۆژی هەینیدا، لەبارەی رووداوەکانی گوندی لاجان لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر و دەڵێت: "شەڕ و پێکدادان لە کوردستان... بۆردوومان... وێرانکاری و قڕکردنی گوندەکان... چەکی قورس دەبارێت بەسەر گوندەکاندا. نامانەوێت حوکم لەسەر ئەم مەسەلەیە بدەین [کێ راستە و کێ هەڵە]، بەڵام کوردستان بەشێکە لە عێراق، حکومەتی ناوەندی بەرپرسیارە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، [نابێ] لەنێوبردن رووبدات و حکومەتی ناوەندیی نە دەنگ و نە بۆچوونی نەبێ".
هەرچەندە قەبانجی ناوی گوندی لاجان ناهێنێت، بەڵام دەڵێت: "با لەگەڵ هەق بن، زۆرباشە بگەڕێن بزانن هەق لە کوێیە... واتە نەتەوە یەکگرتووەکان بهێنین کێشەکە چارەسەر بکەن؟
شەڕێکی سەختە هەفتەیەکە هەیە، دەبابە و بۆردومان... ئەمە هەر بەڕاستی قڕکردنە."
ئەو مەلایە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، دەستوەردان بکات "لەم بابەتەدا و ئاسایش و ئارامی لە کوردستان بسەپێنێت، بەو پێیەی کوردستان بەشێکە لە عێراق."
د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی مدیاییی رووداوی گوت: "ئیمام جومعەی نەجەف گوتوویەتی لە کوردستان گوند وێڕان دەکرێت و قەتڵوعام دەکرێ، دەمەوێ بێت و پێمان بڵێ کام گوند وێران کراوە؟ کام قەتڵوعام کراوە؟".
سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەوە کرد، سەدرەدین قەبانجی لە نزیکەوە دەناسێت؛ گوتیشی: "حەزدەکەم بێت و کوردستان ببینێ، بزانێ دۆخەکە چۆنە، ئەو زانیارییانەی بەدەستی گەیشتووە یان هەڵەن، یان بە هەڵچوونەوە ئەو قسانە دەکات".
لەسەر هەمان بابەت، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بە سێ خاڵ وەڵامی گوتاربێژەکەی نەجەفی داوەتەوە:
- پیاوی ئایینی دەبێ ئەهلی مەسڵەحەت و چاكە بێ و حەقیقەت بۆ خەڵك باس بكات نەك ئەوەی بە قسەی رقاوی و ناڕاست، هزر و هۆشی گوێگران بشێوێنێت.
- ئەوەی قوبانجی لە خوتبەكەی خۆیدا لەسەر كوردستان دەیگێڕێتەوە دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەكی نییە. نازانین ئەو قسە ناڕاستانەی بە ئەنقەست و لە رقەوە گوتووە یان بە ناڕاستی پێیان گەیاندووە؟.
- ئەگەر دەیەوەێ وێنەی راستەقینەی كوردستان ببینێت ئەوا داوەتی دەكەین با بێت و خۆی سەقامگیری و بووژانەوەی كوردستان بە چاوی خۆی ببینێت و تۆزێك گوێ و چاویشی بكرێنەوە.
ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجانی سەر بە قەزای خەبات، هەفتەی رابردوو روویاندا، بەهۆیەوە کاسبکارێک و پێشمەرگەیەک گیانیان لە دەستدا و چەند کەسێکیش بریندار بوون، گرژییەکان قەزای خەباتیشی گرتەوە و کار گەیشتە سووتاندنی فەرمانگەکانی حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ