رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەپۆلێکی بەهێزی باران و ئەگەری دروستبوونی لافاو هۆشداری دا. لە پارێزگای دهۆکیش، کە لە ساڵانی رابردوودا تووشی لافاو ببوو، هەموو تیمە پەیوەندیدارەکان کەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دهۆک دەڵێ ئەم بارانەی پێشبینی دەکرێت ببارێت، لافاوی لێ ناکەوێتەوە.
تیمەکان لە دهۆک ئامادەن
یونس جانۆ، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دهۆک، لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند کە ئەم ساڵ شاری دهۆک بەسەر چوار بازنەدا دابەشکراوە و هەر بازنەیەک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
جانۆ گوتی: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئەمڕۆ 6 تیمی خۆمان لەگەڵ کەرەستەی پێویست لە خاڵە هەستیارەکانی وەک شەقامى دانیال میتێران تا دەگاتە گەڕەکەکانی ماڵتا و زرکا بڵاو کردووەتەوە. هەروەها هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان بە 25 تیمەوە، لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانی (ئاگرکوژێنەوە) و رێگەوبان لە ئامادەییدان."
مەترسی لەو شوێنانەی پێشوو کەم بووەتەوە
سەبارەت بەو ناوچانەی کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا کەوتبوونە ژێر کاریگەریی لافاوەکان، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دهۆک جەختی لەوە کردەوە، کە کێشەکان لە ناوچەکانی وەک ڕووباری هشکەڕوو، بەرۆشکێ، گەلی، نزارکێ و ماسیکێ بە رێژەیەکی زۆر چارەسەر کراون و گوتی: "لە رووباری هشکەڕوو و ناوچەکانی دەوروبەری، مەترسیی لافاوی گەورە بە رێژەی %30 کەم بووەتەوە."
یونس جانۆ ئەوەشی گوت، کە پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆوە تا سبەی لە سەنتەری شاری دهۆک نزیکەی 100 ملم باران ببارێت. بەڵام لەبەر ئەوەی پێشبینی دەکرێت بارانەکە لەسەرخۆ و نەرم ببارێت، مەترسیی دروستبوونی لافاوی گەورە زۆر نییە.
بەڵام، جانۆ تیشکی خستە سەر کەموکورتییەکانی ژێرخان و گوتی: "سیستەمی ئاوەڕۆی شار ئەوەندە نییە بتوانێت هەموو ئاوی بارانەکە وەربگرێت؛ توانای ئێستا تەنیا دەتوانێت 30% تا 35%ی ئاوەکە بۆ ژێر زەوی بگوازێتەوە. ئێمە ماستەرپلانێکمان هەبوو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام قەیرانی دارایی کە 10 ساڵ پێش ئێستا دروست بوو، بووە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی. بەهۆی تۆپۆگرافیای دهۆکەوە، ئاوی ناوچە بەرزەکان و دۆڵەکان بەرەو رووباری هشکەڕوو دەڕژێن."
بەرپرسانی دهۆک داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن کە لە کاتی بارانباریندا هۆشیار بن و هاوکاری تیمەکانی فریاگوزاری بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ