رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە رووداوەکانی لاجاندا چەکی جۆراوجۆر بەکارهێندراون، لەوانە ئار پی جی. گوتیشی، زیاتر لە 400 دانیشتووی گوندەکە لە پاڵاوگەی لاناز و کارگەی شیش لە گوندەکە دامەزراون.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە رووداوەکانی گوندی لاجان لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر کرد، کە کۆتایی مانگی رابردوو روویاندا و ئاماری قوربانی و دوایین رێکارەکانی خستەڕوو.
ئومێد خۆشناو: لاناز زەوی پاڵاوگەکەی لە خەڵک کڕیوەتەوە
پارێزگاری هەولێر گوتی: "گوتراوە گوایە ئەو زەوییەی پاڵاوگەی لانازی لەسەر دروستبووە داگیرکراوە، ئەوە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی، کاتێک لەو شوێنە دروستکراوە زەوییەکەیان کڕیوەتەوە و پارەیان بەخەڵک داوە، نە حکومەت پێیداون نە داگیریان کردووە".
ئومێد خۆشناو: بەشێک لە خەڵکی گوندی لاجان لە لاناز کاریان کردووە و پەلاماری پاڵاوگەکەیان داوە pic.twitter.com/VU6b0R1SO7
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 7, 2025
بەشێکی خەڵکی گوندی لاجان لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا گوتیان، پاڵاوگەی لاناز لە گوندەکەیانە و داواکارن هەلی کار بۆ خەڵکی گوندەکە بڕەخسێنن، لەو بارەیەوە پارێزگاری هەولێر گوتی: "کاتێک پاڵاوگەکە دروستبووە خەڵکی ئەو گوندە داواکارییان هەبووە، لەسەر ئەوە نزیکەی 73 کەس لەو جێگەیە دامەزراون".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە هەلیکاری زیاتری بۆ خەڵکی لاجان لە کۆمپانیای لاناز کرد و گوتی: "67 بارهەڵگری گەورە کە هی خەڵکی گوندەکەن دەرفەتی کاریان بۆ رەخساوە بەگوێرەی ئەوەی ئەنجوومەنیان دیاریکردووە، داوایان کردووە ژمارەیان زیاد بکرێ، بەڵام نە لاناز و نە هیچ کەسێک بەڵێنی زیادکردنی پێنەداون و پێیانگوتوون بەشی خۆتان زیاتر وەرگرتووە و توانای زیاترمان نییە".
ئومێد خۆشناو گوتی: "ئەوانەی دامەزراون بەشێکی گرنگی داوای خەڵک بووە، داوای دیکە هەبوو بۆ دامەزراندنی دیکە، بەڵام کارگەی لاناز و کارگەی شیش کە لەوێیە بەو خەڵکەیان گوتووە، ئەوەی بەشی ئێوە بووە بە زیادەوە بۆتان کراوە و هەر ئێوەش نین و گوندەکانی دیکەش لەو سنوورە هەن و لەوە زیاتر ناتوانین بکەین، هیچ بەڵێنێک نەدراوە خەڵکی دیکە دادەمەزرێت".
ئومێد خۆشناو باسی لە کارگەی شیش لە سنوورەکە کرد و گوتی: "لە کارگەی شیشەکە کە لە تەنیشتنی لانازە 300 کارمەند کار دەکەن، کە خەڵکی گوندی لاجانن".
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، پێش دروستبوونی پاڵاوگەی لاناز ژمارەی خێزانەکانی گوندی لاجان نەدەگەیشتنە 100 کەس، ئێستا 425 خێزانن، "واتا بوونی پاڵاوگەکە و باشتربوونی کواڵیتی ژیان لە گوندەکە بووە بە هۆکاری گەڕانەوەی خەڵک، یان سێ برا لە یەک خانوو ببن بوون بە سێ ماڵ و سێ بەرامبەر زیادیان کردووە".
ئومێد خۆشناو: دوو گیانلەدەستدان و شەش بریندار هەبوون
پارێزگاری هەولێر باسی لە ئاماری قوربانی و زیانەکانی رووداوەکانی لاجان کرد و گوتی: "بەداخەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان شۆفێرێکی بێتاوانی خەڵکی کەرکووک بوو لەوێ کاری دەکرد شەهید بوو، هەروەها یەکێک لەوانە کە پاسەوانی شوێنەکەی دەکرد دوای برینداربوونی ئەویش شەهید بوو".
لەبارەی ژمارەی بریندارەکانیشەوە پارێزگاری هەولێر گوتی: "چوار دانیشتووی گوندەکە و منداڵێکی عەرەب کە شوان بووە، هەروەها هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستان بریندار بوون".
بە گوتەی ئومێد خۆشناو: "ئەوەی هاندەری خەڵک بووە و هۆکاری ئاژاوە بووە دەستگیرکراوە، دوای گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکی گوندەکە لەگەڵ حکومەت، پێنج کەسی دیکە لەلایەن کەسوکاری خۆیانەوە رادەستی یاسا کراون".
لەبارەی ناڕەزایی لە قەزای خەباتیش پارێزگاری هەولێر گوتی: "لە رووداوەکانی خەبات دوو کەس دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆکراوەتەوە. دانپێدانانی یەکێکیان بڵاوکراوەتەوە، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، ئەوەی کراوە پەیوەندی بە هیچ حیزبێکەوە نییە و پەیوەندی بە ئاژاوەوە هەیە، داواکاریمان لە بەڕێزان لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەیە، کە یەکێک لەوانەی دانپێدانانی بڵاوکراوەتەوە بەرپرسی کۆمیتەیە [لە خەبات] پێویستە بەڕێزان هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە، کە ئەوە گوزارشتە لە سیاسەتی ئەوان یان نا، کە ئێمە پێمانوانییە وابێت".
ئومێد خۆشناو لەبارەی دەستگیرکردنی نێچیروان هەرکی: دەبێ یەکێتی سوپاسی هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ بکات pic.twitter.com/c0nLXZAi4K
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 7, 2025
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە بردنی خزمەتگوزاری بۆ لاجان کرد لەلایەن پاڵاوگەی لانازەوە و گوتی، بنکەی تەندروستی، قوتابخانە، یاریگا، شەقام، تۆڕی و ئاو و کارەبایان بۆ بردوون.
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر: "پاڵاوگەی لاناز مانگانە وەکو سنووقێکی هاوکاری 140 وەرەقەیان [14 هەزار دۆلار] داوە بە خەڵکی گوندەکە و ئەوانیش چوار مانگ جارێک لەنێو خۆیاندا دابەشیان کردووە.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا پارێزگاری هەولێر گوتی: "16 کڵاشینکۆف، یەک (RPG) رادەستی پۆلیس کراون، بەڵام ئێمە بڕوامان وایە ئەو چەکانەی رادەستکراون ئەوانە نین رووداوەکەیان پێکراوە و ئەو چەکانە لە شوێنی دیکەوە هێندراون و دراونەتە پۆلیس".
پارێزگاری هەولێر گوتی: "کاتی ئاڵۆزییەکە خەڵکی ئەو گوندە کە لەو پاڵاوگەیەش کاریان کردووە ئەوانیش پەلاماری لانازیان داوە، دەپرسین خۆپیشاندان بە ئاڕ پی جی دەکرێ".
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد، لیژنەیەکیان دروستکردووە بۆ ژماردنی هەموو ئەو چەکانەی لە گوندی لاجان هەن؛ گوتیشی: "تاوەکو ئێستا 24 چەک لە کڵاشینکۆف و دەمانەچە تۆمار کراون، لیژنەیەک هەموو چەکەکان تۆمار دەکات و پڕۆسەکە بەردەوامە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ