رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە بۆنێکی ناخۆش چەند گەڕەکێکی هەولێری گرتووەتەوە، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، هۆکارەکە پاڵاوگە نایاساییەکانن، کە بەشێکیان گەڕۆکن و هەر جارەو لە شوێنێک کار دەکەن.
ماوەی چەند رۆژێکە بۆنێکی ناخۆش لە هەولێر بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە گەڕەکەکانی شارەوانی، 32ـی پارک، ئازادی و فەرمانبەران هەستی پێدەکرێت، چەند هاونیشتمانییەکی ئەو گەڕەکانە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، بۆنێکی ناخۆش ژیانی هەراسان کردوون و داوایان کرد، لایەنی پەیوەندیدار کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات و سەرچاوەکەی بنبڕ بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 08-01-2024، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری سەرەکی بۆنەکە پاڵاوگە نایاساییەکانە؛ پارێزگاری هەولێریش لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردن و لەماوەیەکی نزیکدا بە بەشداری قایمقامەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت".
هیرانی گوتی، "جۆرێک پاڵاوگە هەن گەڕۆکن، ئەمڕۆ لە شوێنێک کار دەکەن سبەی لە شوێنێکی دیکەدان، بەبێ ئەوەی دیوار و شوێنی کارکردنیان هەبێت؛ بۆیە دەبێت بڕیارێک دەربکرێت و سەرچاوەی نەفتاکەیان دیاری بکرێت و رێگە نەدرێت نەفتایان پێبگات بۆ پاڵاوتن".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی چیتر رێگە بە پاڵاوگەی نایاسایی نەدرێت و ئەوانەی مۆڵەتیان نییە مۆڵەتی ژینگە وەربگرن، هەر پاڵاوگەکیش بێ مۆڵەت بێت و ئامادە نەبێت مۆڵەتیش وەربگرێت دابخرێت.
بەگوێرەی لیستێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2015 لە سنووری هەولێر 116 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوونە، بە گوتەی بەرپرسانی پارێزگاکە ئەو پاڵاوگانە دوای رێکارەکان زۆرینەیان داخراون؛ وەکو بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێریش باسیکرد، ئێستا بەهۆی ئەوەی پاڵاوگەکان گەڕۆکن ژمارەیان نازانرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ