هاونیشتمانییەک دەڵێت منداڵەکەی بردووەتە فریاکەوتنی کەلار و پزیشکی لێ نەبووە، نەخۆشخانەکەش رەتیدەکاتەوە

08-01-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاونیشتمانییەک دەڵێت، منداڵەکەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتە نەخۆش بووە و بردوویەتییە فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەڵام دوای چەند کاژێرێک پزیشک نەیبینیوە و چارەسەری بۆ نەکراوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، لەگەڵ بردنی نەخۆشەکەدا پزیشک بینیویەتی و کاری پێویستی بۆ کراوە.
 
سامان جەلال، هاونیشتمانییەکی خەڵکی قەزای کفرییە و ئەمڕۆ دووشەممە 08-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "منداڵێکم هەیە خاوەن پێداویستی تایبەتە و (شەلەل دەماخ) شەوی رابردوو تەندروستی تێکچوو، تووشی تەنگەنەفەسی بوو، لە کفرییەوە بە ئامبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژاریان کردم لە کەلار و بردمانە ئەوێ، بەڵام هیچ پزیشکێکی لێ نەبوو".
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، لە فریاکەوتن پێیانگوتراوە کاژێر 08:00ـی بەیانی پزیشک دێت، بەڵام تاوەکو کاژێر 09:00 پزیشک نەچووە و ئەویش چووە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ناڕەزایی دەربڕیوە و بە بەرپرسانی ئیدارەکەی گوتووە، کاژێر 09:00ی بەیانییە هێشتا پزیشک نەهاتووە.
 
منداڵەکە کوڕە و تەمەنی هەشت ساڵە؛ باوکی گوتی، لە ئیدارەی گەرمیانەوە پەیوەندی بە نەخۆشخانەی قەڵاوە کراوە، کە هەر بەشێکە لە نەخۆشخانەی کەلار تاوەکو کوڕەکەی وەربگرن، بەڵام چووەتە ئەوێش پزیکشی لێ نەبووە و دواجار چووەتە شوێنێکی تایبەت و دەرمانی وەرگرتووە.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار قسەی هاونیشتمانییەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "پزیشک بینیویەتی و تەنیا پێویستی بە مانەوە لەژێر ئۆکسیجیندا هەبووە تاوەکو کاژێر 09:00 هێڵدراوەتەوە".
 
رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بابەتەکە بەو جۆرە نییە کە ئەو هاونیشتمانییە باسی دەکات؛ بەدواداچوونم بۆ بابەتەکە کرد و کامێرای چاودێریش هەن، منداڵەکە پێویستی بە ئۆکسجین بووە بۆی دابینکراوە؛ لەگەڵ گەیشتنیدا پزیشکی نیشتەجێی خولاو (موقیم) بینیویەتی، ئەگەر نەخۆش پێویست بکات (موقیم ئەقدەم)ـی بۆ بانگهێشت دەکرێت، ئەوە لە هەموو فریاکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان وایە، بەڵام ئەو پێویستی نەبووە".
 
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شەهید هەژار ئاماژەی بەوە کرد، کە منداڵەکە دوای ئەوەی تاوەکو کاژێر 09:00ـی بەیانی هێڵدراوەتەوە بە باوکی گوتراوە بیباتە نەخۆشخانەی راوێژکاریی کەلار، کە هەر لە تەنیشتی فریاکەوتنە بۆ ئەوەی پزیشکی پسپۆڕ بیبینێت، بەڵام نەچووە و چووەتە ئیدارەی گەرمیان.
 
رزگار لەتیف گوتی، "خۆ ئەگەر لای ئێمە دەڵێت پزیشک نەیبینیوە لە نەخۆشخانەی قەڵا کە تایبەتە بە منداڵان بۆچی لەوێ نەخەوێندراوە؟ بێگومان دیارە ئەوانیش بە پێویستیان نەزانیوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.