رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 24 کاژێر لە راگیرانی دابەشکردنی ئاو بۆ دانیشتووانی کۆیە، بەڕێوەبەری ئاوی شارەکە دەڵێت، "ئەمڕۆ ئاو بۆ ماڵان بەردەدەنەوە."
رۆژی دووشەممە، 08-01-2024، هۆگر کەیفی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی شوێنی کۆگا و خەزانەکانی ئاومان خاوێنکردەوە، ئەمڕۆ ئاوی خاوێن دەگاتەوە ماڵان."
زیاتر لە 24 کاژێر بوو دابەشکردنی ئاوی خاوێن لە زۆرینەی گەڕەکەکانی قەزای کۆیە راگیرابوو، لەو بارەیەوە تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قور و لیتە لە پڕۆژەی ئاوی تەقتەق - کۆیە دروستبووە بۆیە بە مەبەستی پاککردنەوەی ئاوی پڕۆژەکە و رێگریکردنی لە سەرهەڵدانی ڤایرۆس پڕۆژەکە پاک دەکەینەوە."
بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە گوتی، ساڵانە پڕۆژەی ئاوی کۆیە - تەقتەق خاوێن دەکەنەوە بە مەبەستی پاراستنی هاونیشتمانییان لەو نەخۆشییانەی بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە تووشی مرۆڤ دەبن.
پڕۆژەی ئاوی تەقتەق - کۆیە سەرچاوەی ئاوەکەی زێی بچووکە و لە بەنداوی دووکانەوە دەگاتە پڕۆژەکە، جگە لەو پڕۆژەیە، پڕۆژەی ئاوی کۆیە - بۆگد هەیە و ئەویش بەشێکی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکات.
بەپێی ئامارێک لە کۆیە 18 هەزار و 311 هاوبەشی ئاو هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ