ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێندرێت، پێویستە پارتییش نەرمی بنوێنێت

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی
رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی رێککەوتنی پارتی و حیزبەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت بە زەوینەی رێککەوتنیان لە بەغدا دەزانێت و دەشڵێت، ''پرسەکانی بەغدا و هەولێر بوونەتە چەقی گفتوگۆکان و تێکهەڵکیش کراون.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-01-2026 هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت لە هەولێر کۆبوونەوە. رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەوبارەوە بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''گفتوگۆکان درێژەیان کێشاوە و دۆخی نێوخۆیی و هەرێمی وا دەخوازێ پرسە نیشتمانییەکان بەرەو پێشەوە ببەین.''
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ رووداو، رۆژی یەکشەممە 4ی کانوونی دووەم، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبوونەتەوە. رێباز بێرکۆتی گوتی، ''لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە کە هەندێک ئاستەنگ هەن و دەبێ تێپەڕێندرێن. خەڵکیش چاوەڕوانییان لە هەردوو لا هەیە.''
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی دانوستاندنکاری هەردوولا، پرسەکانی بەغدا و هەولێر بوونەتە چەقی گفتوگۆکان و تێکهەڵکیش کراون.
 
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و سەرەڕای دانوستاندنی یەکێتی و پارتی، تاوەکو ئێستا نەتواندراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت. رێباز بێرکۆتی ئەوەشی خستەڕوو، ناکرێ لە پێکهێنانی حکومەتدا لەسەر هەندێک بابەت نەگەینە رێککەوتن، پێویستە هەردوو لا بە بەرپرسیارێتییەوە هەنگاو بنێن.''
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی هەردوو لا بە بەرپرسیار دەزانێ لە بە ئەنجام گەیاندنی گفتوگۆکاندا و دەشڵێت، ''بۆ ئەوەی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێ، پێویستە پارتیش هەندێک نەرمی بنوێنێ.''
 
رێباز بێرکۆتی جەختی لەوە کردەوە، دواخرانی زیاتری پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، پارتی و یەکێتیدا نییە و ''پێویستە شاندی دانوستاندنکاری هەردوو لا بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نیشتمانییەوە چارەسەری پرسەکان بکەن.''
 
پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هێشتا لەسەر بەربژێرێکی یەکگرتوو بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون کە تاوەکو ئێستا وەک نەریتێک پشکی کورد بووە و لەنێو کوردیشدا بەر یەکێتی کەوتووە. ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی، ''ئەگەر لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت رێکبکەوین، ئەگەری زۆرە بە فۆرمێکی یەکگرتووەوە بچینە بەغداش.''
 
پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە، ئەوانیش فوئاد حوسێن و نەوزاد هادین، یەکێتیش بە فەرمی نزار ئامێدی وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستەکە دیاری کردووە.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە 11ی تشرینی دووەمی 2025 کرا، پارتی 27 کورسی و یەکێتی 18 کورسی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکەڵ لەسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب بەرز دەبێتەوە

نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: تەنیا بەشێکی ئەشرەفییە کەوتووەتە دەست سوپای عەرەبی سووریا

نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن دەڵێ، بەهۆی هێرشەکەی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، نزیکەی 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 65ـی دیکەش بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''هەوڵ دەدەین شەڕەکە رابگیرێت و بە دیالۆگ گرفتەکان چارەسەر بکرێن".