ئێران دەروازەی شوشمێی داخست

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو  دیجیتاڵ

لایەنی ئێرانی دەروازەی شوشمێی لە سنووری هەورامان داخست. پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، ئاساییە و پێدەچێ کێشەی تەکنیکی بێت.
 
دەروازەی شوشمێ لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە دەکەوێتە سنووری ناحیەی تەوێڵە لە پارێزگای هەڵەبجە. چەند هاونیشتمانییەک لە دەروازەکەوە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداویان گوت: "دەروازەکە لە نیوەڕۆی دووشەممەوە لە دیوی ئێرانەوە داخراوە".
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "ئێران دەرگای سنوورەکەیان داخستووە و بە خەڵکیان گوتووە بڕۆنە دەروازەکانی دیکە، ئەگەر کێشەی هاوشێوەی بڕانی ئینتەرنێت بووایە ئەوە دوو کاژێر دواتر دەکرایەوە و چەند جارێک ئەوە روویداوە".
 
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سیستم ئەلیکترۆنییە، جار هەیە کێشەی بڕانی ئینتەرنێت دروست دەبێت، دەروازەکە هیچ کێشەیەکی گەورەی نییە".
 
دەروازەی شوشمێ لە سنووری هەورامان لە 27-06-2023 بە فەرمی بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە، بەڵام پێش ئەو رێککەوتەش هاتووچۆی بازرگانی تێدا دەکرا.
 
چەند دەروازەیەکی سنووری لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراوی نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن. هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شوشمێ هەن کە تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە