لە وان و جۆلەمێرگ دەست بەسەر 406 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا لە پارێزگاکانی وان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، دەست بەسەر 406 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و هەزاران حەبی قەدەخەکراودا گیراوە.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن فەرماندەیی جەندرمەی وان و جۆلەمێرگ، بە هەماهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتیی وان و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە هۆشبەرەکان کراوە.
 
ئۆپەراسیۆنەکان ناوچەکانی (وەستان، چاڵدێران، ئەلباک و گەڤەر)یان گرتووەتەوە. بەپێی داتاکانی وەزارەتەکە، ئەو ماددانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە 271 کیلۆگرام مێتامفیتامین، 96 کیلۆگرام سکەنک، 39 کیلۆگرام حەشیش و 2 هەزار و 540 حەبی هۆشبەر.
 
وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە "رووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی ژەهر" لە بەرهەمهێنەرانەوە تاوەکو فرۆشیاران بەردەوام دەبێت.
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی فیدراسیۆنی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، رێژەی ئالوودەبوون لە تورکیا و باکووری کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوونە.
 
داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەی ئالوودەبووان لە تورکیا کە لە ساڵی 2024دا نزیکەی 10 ملیۆن کەس بوو، لە ساڵی 2025دا بۆ نزیکەی 15 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش وەک زەنگێکی مەترسی بۆ کۆمەڵگە سەیر دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە