کەجەکە: پێویستە تورکیا پشتیوانی لە کوردی سووریا بکات

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبی بە "هەوڵێک بۆ تێکدانی چارەسەرێکی گونجاو" وەسفکرد و داوای لە تورکیا کرد پشتیوانی لە کوردی سووریا بکات.
 
کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە، رۆژی پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، بە تووندی رەخنە لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا گیراوە و دەڵێت، "ئەم دۆخە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەوڵەکانی دیالۆگ لە سووریا و پرۆسەی تایبەت بە تورکیاش دەکات."
کەجەکە دەڵێت، "دەسەڵاتی بەعس رووخێندرا، بەڵام ئێستا 'بەعسی ریشدار' وەک مۆتەکە بەسەر سووریادا دەسوڕێتەوە. دەستەی تەحریر شام کە دەستی بەسەر دیمەشق دا گرتووە، هێرش دەکاتە سەر هەموو پێکهاتە و بیروباوەڕێک وەک ئەو بیرناکەنەوە. سەرەتا هێرشیان کردە سەر عەلەوی و دروزەکان و ئێستاش هێرش دەکەنە سەر کورد. کورد لەو گەڕەکانەدا بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان و بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سووریایەکی دیموکرات، هەوڵی خۆڕاگری دەدەن."
 
کەجەکە، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاش دەڵێت، کوردی سووریا کەسوکاری کوردی تورکیان و وەک چۆن تورکیا خاوەندارێتی لە تورکمانەکان دەکات، پێویستە لە سووریا رۆڵێکی ئەرێنیش بۆ کورد ببینێت.
 
 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە