رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) نوێترین زانیارییەکانی شەڕی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، لە کاتی هەوڵدان بۆ پێشڕەوی، دوو زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق تێکشکێنراون و 9 چەکداریان لێ کوژراوە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 08-01-2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هەوڵی پێشڕەوییان دەدا بۆ نێو گەڕەکەکان، رووبەڕووی "بەرگرییەکی تووند" بوونەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە: "هێزەکانمان دوو زرێپۆشیان بەو کەسانەی تێیدا بوون تێکشکاندووە." ئاسایش پشتڕاستی کردەوە کە تاوەکو ئەم ساتە لەم پێکدادانەدا "9 چەکدار"ـی سوپای عەرەبیی سووریا کوژراون.
ئاسایشی حەلەب جەخت دەکاتەوە کە شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و هێزەکانیان "بەرگرییەکی پاڵەوانانە" دەکەن، لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر بەردەوامە لە هێرشکردن بە تانک، تۆپ و درۆن.
بەپێی لیژنەی وەڵامدانەوەی حەلەب، 142 هەزار کەس ئاوارە بوون.
عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب هەڕەشەی کرد کە "ئەم تاوانانە بێ وەڵام تێناپەڕن" و هەسەدەی بە "بەکارهێنانی خەڵک وەک قەڵخان" تۆمەتبار کرد.
بەپێی نوێترین ئاماری ئاسایشی حەلەب، 12 گیان لەدەستدان و 64 بریندار هەن و خەڵک لەژێر داروپەردوودان. د. عوسمان شێخ عیسا هۆشداری دا کە نەخۆشخانەکان لەکارکەوتوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی حەلەب رایگەیاند، 9 سڤیل کوژراون و 55ـی دیکە بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ