مانگی سووری کوردی: لە حەلەب 11 کەس شەهید بوون؛ تیمەکانی حکومەت نەیانتوانی بریندارەکان بگوازنەوە

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی مانگی سووری کوردی نوێترین ئاماری قوربانییانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 11 کەس بەرزبووەتەوە و مانگی سووری عەرەبیی سووریاش بەهۆی تۆپبارانەوە نەیتوانیوە بریندارەکان رزگار بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-01-2026، مانگی سووری کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راپۆرتێکدا لەبارەی دۆخی مرۆیی حەلەب رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانەوە 11 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 62 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە دۆخی تەندروستیی 13 کەسیان ناجێگیرە و "مەترسیدارە".
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "تیمەکانی مانگی سووری عەرەبیی سووریا (SARC) هەوڵیان دا بریندارەکان بگوازنەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی تۆپباران و بۆردوومانەوە نەیانتوانی."
 
مانگی سووری کوردی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان 15 ئەمبۆڵانسیان بە تەواوی پزیشک و کارمەندەوە ئامادە کردووە بۆ بەدەمەوەچوونی بریندارەکان، بەڵام چاوەڕێی "دابینکردنی رێڕۆی ئارام و سەلامەتن" بۆ ئەوەی بگەنە نێو گەڕەکەکان.
 
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو دوو گەڕەکە نزیکەی پێنج مانگە لەژێر گەمارۆدان. ئێستا 5 نەخۆشخانە خزمەتگوزاریی سنووردار پێشکێش دەکەن، بەڵام بەهۆی نەمانی سووتەمەنی و رۆیشتنی بەشێک لە پزیشکەکان لەگەڵ خێزانەکانیان، دۆخەکە گەیشتووەتە لێواری کارەسات.
 
سێ رۆژە حەلەب لە ژێر ئاگردایە. بەپێی لیژنەی وەڵامدانەوەی حەلەب، 142 هەزار کەس ئاوارە بوون.
 
د. عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە کوردنشینەکان هۆشداری لە "کۆمەڵکوژی" دەدات. بەپێی نوێترین ئاماری ئەوان 74 سڤیل بوونەتە قوربانی (8 گیان لەدەستدان و 66 بریندار).
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی حەلەب (حکومەتی سووریا) دەڵێت 9 سڤیل کوژراون و 55ـی دیکە بریندار بوون.
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند: "بەکارهێنانی زمانی شەڕ لە کاتی دانوستاندندا قبووڵکراو نییە." هۆشداریشی دا لەوەی رووداوەکانی حەلەب زەوینەسازییە بۆ "گۆڕینی دیموگرافیی مەترسیدار" و هەوڵدان بۆ کۆمەڵکوژی. عەبدی ئاشکرای کرد کە چەند رۆژە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار بۆ راگرتنی هێرشەکان دەکەن.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە