رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی پێشمەرگەیەکی لیوای 5ی پیادەی شارەزوور بە رووداوی گوت، دوو رۆژە لەسەر شەقامێکی هەولێر مانی گرتووە، چونکە وێڕای کەمئەندامبوونی لە شەڕی داعش، مامەڵەی خانەنشینیی سەنگەری بۆ ناکەن؛ وەزیری پێشمەرگە پەیوەندیی پێوە کرد و رایگەیاند، کێشەکە چارەسەر دەکەن.
عەتا ئەحمەد، پێشمەرگە لە لیوای 5ی پیادە لە سنووری قەزای سەیدسادق لە پارێزگاری سلێمانی، دوای هاتنی بۆ هەولێر و دوو رۆژ مانگرتن بۆ داواکانی، شەوی رابردوو بە رووداوی گوت، "دوو جار بە سەختی لە شەڕی دژی داعش بریندار بووم، گولـلە بە شوێنێکی هەستیارم کەوتووە و منداڵمان نابێت، وێڕای نووسراوەکان بە برینداری سەنگەر هەژمارم ناکەن."
ئەو پێشمەرگەیە گوتیشی، "لیژنەی پزیشکی دەڵێت 50% کەمئەندام بووم، بەڵام بەشی یاسا دەڵێن تۆ بە نەخۆش خانەنشین دەکرێیت، لە کاتێکدا من قاچم سەقەت بووە و بە هەموو پێوەرێک کەمئەندامی سەنگەرم، نەوەکو نەخۆش."
ئەو پێشمەرگەیە گوتیشی، "بەهۆی بریندارییەکەمەوە ناتوانم هیچ کارێکی دیکە بکەم، داوا لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسان دەکەم، کێشەکەم چارەسەر بکەن، ئەگەر نایاساییە بۆم مەکەن."
ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت، لە ساڵی 2021ـەوە سەرقاڵی ئەم مامەڵەیە و کێشەکەم چارەسەر نەکراوە و دوو رۆژە لەسەر شەقام دەمێنێتەوە، "چوومە وەزارەتی پێشمەرگە هەر نەیانهێشت بچمە ژوورمەوە و دەڵێن پەیوەندیت لەگەڵ کێدا هەیە؟ دواتر رێگەیان دام بچمە ژوورەوە، بەڵام هیچم بۆ نەکرا، تەنیا داوای مافی یاسایی خۆم دەکەم."
دوای ناڕەزاییەکانی ئەو پێشمەرگەیە، نووسینگەی رۆژنامەوانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەیامی ن.چ عەتا ئەحمەد، پێشمەرگە لە لیوای پێنجی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە میدیاکان، راستەوخۆ بەڕێز وەزیری پێشمەرگە پەیوەندی بەو پێشمەرگەیەوە کرد و بەڵێنی پێیدا بە زووترین کات ئەو گرفتانەی دووچاری مامەڵەکەی بوونەتەوە چارەسەر بکرێت."
وەزارەتی پێشمەرگە بەو پێشمەرگەیە دەڵێت، "وەکو هەر پێشمەرگەیەکی قارەمانی ئەم کوردستانە سەرجەم ماف و شایستەکانی بۆ دابین دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ