رووداو دیجیتاڵ
خێوەتەکانی شاری دێربەلەحی نێوەڕاستی غەززە، بەهۆی رەشەبای بەهێزی زستانەوە خۆیان ناگرن. وەک ئەوەی وێرانبوونی ماڵەکانیان و لەدەستدانی کەسوکاریان بەس نەبێت، ئێستا غەززەییەکان خێوەتێکیشیان نییە لە ژێریدا بحەسێنەوە.
ژنە ئاوارەیەکی فەلەستینی کە خێوەتەکەی تێکچووە دەڵێت، "بایەکی بەهێز هەڵیکرد و خێوەتەکە بەسەرمان کەوت. چووینە خێوەتی دراوسێکەمان. هەموو شەوەکە لە ترسا نەمانتوانی بخەوین. خەریکبوو لەگەڵ هێزی رەشەباکە دڵم بوەستێت. تەواوی شەوەکە بۆ منداڵەکان نزامان دەکرد. ئێمە ساوایەکی دوو مانگەمان هەیە و منداڵی دراوسێکەشمان نڤیشکانە."
ئاوارەکانی ئەم ناوچەیەی رۆژئاوای دێربەلەح خەڵکی باکووری کەرتەکەن، سەرەڕای ئەوەی رێگەی چوونەوە کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی خاپووربوونی خانووەکانیان، شوێنێک شک نابەن بۆی بچن.
ئاوارەیەکی دیکەی پیاو ئاماژە بەوە دەکات، "سێ رۆژە بەبێ نان و ئاوین و نەخەوتووین. دەمەوێت بچمەوە باکووری غەززە. سەیرکە چی بەسەر خێوەتەکەمان هاتووە. سەیری کەلوپەلەکانمان بکە. هیچ کەس گرنگیمان پێنادات."
هەرچەندە دوو هەفتەیە ئاگربەست دەستیپێکردووە و نزیکەی 10 هەزار بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی و سووتەمەنی چوونەتە نێو کەرتەکە، بەڵام هێشتا بەشی دانیستووانە دوو ملیۆنەکە ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ