رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 9 کەسایەتیی سەر بە حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانیدا سەپاند و تۆمەتباری کردن بەوەی "بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی ئاشتی لە لوبنان" دروست دەکەن. هاوکات واشنتن خەڵاتێکی دارایی گەورەی بۆ هەر زانیارییەک تەرخان کرد کە ببێتە هۆی پەکخستنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپە.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، "حیزبوڵڵا رێکخراوێکی تیرۆریستییە و دەبێت بە تەواوی چەک بکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتەکەی بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئەو بەرپرسانەی دزەیان کردووەتە ناو حکومەتی لوبنان و رێگە بۆ حیزبوڵڵا خۆش دەکەن تاوەکو "هەڵمەتی تووندوتیژیی بێ مانا" دژی گەلی لوبنان ئەنجام بدات.
ئەو کەسانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە کێن؟
سزاکانی ئەمریکا چەندین ئاستی جیاوازی گرتووەتەوە، لەوانە:
بەرپرسانی حیزبوڵڵا: سێ پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا بە ناوەکانی (حەسەن فەزڵوڵڵا، ئیبراهیم مووسەوی، و حوسێن حاج حەسەن)، لەگەڵ محەممەد عەبدولموتەڵیب فەنیچ، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی حیزبوڵڵا.
دیپلۆماتکارێکی ئێرانی: محەممەد رەزا شەیبانی، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئێران بۆ لوبنان کە پێشتر لە مانگی ئازاردا لە لوبنان وەک "کەسی نەخوازراو" ناسێندرا و فەرمانی دەرکردنی بۆ دەرچوو.
هاوپەیمانەکانی حیزبوڵڵا: دوو ئەندامی بزووتنەوەی ئەمەل (ئەحمەد ئەسعەد بەعلبەک و عەلی ئەحمەد سەفەوی).
بەرپرسانی سەربازیی لوبنان: دوو ئەفسەری سوپای لوبنان بە ناوەکانی (عەمید خەتار ناسرەددین و عەقید سەمیر حەمادی).
خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاری
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی جیادا ئاماژەی بەوە کرد، بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات دەداتە هەر کەسێک کە زانیاریی وردیان پێ بدات سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکان و سیستمە بانکییەکانی حیزبوڵڵا، بە مەبەستی پەکخستنی توانای دارایی ئەو رێکخراوە.
ئەم هەنگاوەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە حیزبوڵڵا بە توندی دژی ئەو دانوستانە راستەوخۆیانە وەستایەوە کە لە نێوان نوێنەرانی لوبنان و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاشتی بەڕێوەدەچن. ئەمریکا و ئیسرائیلی هاوپەیمانی، مەرجی سەرەکییان بۆ ئاشتی لە لوبنان، داماڵینی تەواوەتی چەکی حیزبوڵڵایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ