ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵ: رێکخەری خۆپێشاندانەکەی هەولێر نەبووین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
دیمەنێکی خۆپێشاندانەکەی هەولێر دژی بێڕێزی بە پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)
دیمەنێکی خۆپێشاندانەکەی هەولێر دژی بێڕێزی بە پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەرکەوتەی کوردە و نابێت بۆ حیزبێک یان دوو حیزب قۆرخ بکرێت. دەشڵێت، "ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێککەوتبان، پەرلەمانی کوردستانیش کارا دەکرایەوە."
 
شوان رابەر، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی "کوردستانە" بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، نەک تەنیا پشکی نەتەوەی کورد یان حیزبێکی دیاریکراو.
 
شوان رابەر گوتی، "لە دەستووری عێراق و نەریتی سیاسیدا هەر سێ سەرۆکایەتییەکان دابەشکراون. سەرۆککۆمار پشکی کوردستانە. دەبێ ئێمە رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرین؛ دەکرێت تورکمانێک یان ئاشوورییەک سەرۆککۆمار بێت، بەڵام خەڵکی کوردستان بێت. بەداخەوە لە رابردوودا ئەم پۆستە قۆرخکرا."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی هۆکاری چەقبەستووی پرۆسەی سیاسییە و گوتی، "ئەگەر لە رابردوودا پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆککۆمار رێککەوتبان، لەوانەیە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشیان کارا کردبایەوە."
 
شوان رابەر باسی لەوەش کرد، پێیان باشە پرسی یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار لەنێو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بێت، نەک پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی بە زۆرینەی سوننە و شیعە یەکلایی نەکرێتەوە.
 
سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی کۆمەڵی دادگەری لە حکومەتی نوێی عێراق، شوان رابەر رایگەیاند، هێشتا بڕیاریان نەداوە و چاوەڕێی دۆخەکە دەکەن. گوتیشی، "جۆرێک لە هاوئاهەنگی و کۆدەنگی رێژەیی لەنێوان ئێمە و یەکگرتووی ئیسلامی و رەوتی هەڵوێست هەیە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شوان رابەر باسی لە گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان و کاردانەوەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا، کۆمەڵی دادگەری دەستپێشخەر بووە لە دەرکردنی راگەیێندراوێک بۆ سەرکۆنەی بەکارهێنانی دەقە پیرۆزەکان لەلایەن دەسەڵاتی سووریاوە دژی کورد.
 
هەروەها بە تووندی سەرکۆنەی هەر جۆرە بێڕێزییەکی کرد بەرامبەر پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) و گوتی، "ناکرێت لەسەر حیسابی نەتەوەگەری، سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ملیارێک و 700 ملیۆن موسڵمان بکرێت."
 
سەبارەت بەو خۆپێشاندانەی رۆژی هەینی لە هەولێر بەڕێوەچوو، شوان رابەر روونکردنەوەی دا کە هیچ حیزبێک بە فەرمی خۆی نەکردووەتە خاوەنی، بەڵکو "خۆپێشاندانێکی جەماوەریی موسڵمانان بووە بە شێوەی خۆڕسک کە ئەندامانی کۆمەڵ، یەکگرتوو، پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەشی تێدا بەشدار بووە دژی ئەو بێڕێزییەی بە پێغەمبەر (د. خ) کرابوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی تیکتۆک

یەکێتیی ئەورووپا هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورس بەسەر تیکتۆکدا دەکات

لە شارى بۆسۆی بەلجیکا، سێ گەنج بەهۆى خواردنی کەپسوولى هەزار میلیگرامی پاراستیمۆلەوە گەیێندرانە نەخۆشخانە. گەنجێک دەڵێت، چاڵێنجێکی تیکتۆکی بینیوە و چووەتە نێو چاڵێنجەکەوە. یەکێتیی ئەورووپاش هەڕەشەی سزای تووند دەکات.