رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی پزیشکیی خۆبەخش، کە لە 16 پزیشک و 2 پەرستار پێکهاتبوون، لە باشووری کوردستانەوە چوونە رۆژئاوای کوردستان و بۆ ماوەی 5 رۆژ لە ناوچە جیاوازەکان خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشکێشی خەڵک و ئاوارەکان کرد. ئەندامێکی تیمەکە دەڵێت "لەو 5 رۆژەدا2500 نەخۆشمان بینی و 15 نەشتەرگەریی پێویستمان ئەنجامدا".
د. زانکۆ محەممەد، یەکێک لە ئەندامانی "تیمی فریاکەوتن بۆ رۆژئاوای کوردستان" لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند رەوشی تەندروستی لە ناوچەکە زۆر سەختە و پێویستیی بە هاوکاریی بەپەلە هەیە.
بە گوتەی د. زانکۆ، پێش سەردانەکەیان، کۆمەڵێک پزیشک لە قامشلۆ و حەسەکەوە پەیوەندییان پێوەکردوون و داوای پشتیوانییان کردووە. گوتی، "لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، ئەو پزیشکە عەرەبانەی لە ناوچەکە کاریان دەکرد، یەکسەر دەستیان لە کارەکانیان کێشایەوە و بەبێ ئەوەی پرسیار لە رەوشی نەخۆشەکان بکەن، روویان لە ناوچە عەرەبنشینەکان کرد. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی گەورە لە بواری خزمەتگوزاریی پزیشکیدا."
تیمە پزیشکییەکە لە ماوەی 5 رۆژی مانەوەیاندا، توانیویانە بگەنە ژمارەیەکی زۆری نەخۆش. د. زانکۆ محەممەد گوتی، "ئێمە لەو 5 رۆژەدا لە کەمپ و ناوەندەکانی حەوانەوەی ئاوارەکاندا 2500 نەخۆشمان بینی و 15 نەشتەرگەریی پێویستمان ئەنجامدا. بینیمان کە لەنێو کەمپەکاندا نەخۆشیی وەرزی بڵاوبووەتەوە و هاوکات هەندێک نەخۆشی قورسیش هەبوون، کە پێویستییان بە چاودێریی تایبەت بوو."
د. زانکۆ ئاشکرای کرد، کە تیمێکی دیکە لە باشووری کوردستان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی هاوکاریی پزیشکی و گوتی: "هاوکات لەگەڵ بوونی ئێمە لەوێ، هەوڵەکانمان لە باشووری کوردستانیش بەردەوام بوون. لە ماوەی تەنیا 24 کاژێردا، توانیمان بە بەهای 35 ملیۆن دینار دەرمان لەنێو پزیشکەکاندا کۆبکەینەوەو ئەو بارە دەرمانە ئێستا بەرەو رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەیە."
د. زانکۆ محەممەد لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پێداویستییە هەرە بەپەلەکانی کەرتی تەندروستیی رۆژئاوای کوردستان و گوتی، "جگە لە دەرمانی گشتی، پێویستییەکی زۆر بە جۆرێکی دیکەی دەرمان هەیە، وەک دەرمانی نەخۆشییەکانی پێست. هەروەها کەمییەکی جیدی لە بواری ئامێری پزیشکیی پێشکەوتوودا هەیە، وەک ئامێرەکانی پشکنینی خوێن، MRI و CT Scan."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ