رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، درۆنێکی نەناسراویان لەسەر ئاسمانی کەرکووک خستووەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی زیانی لێ بکەوێتەوە.
پێنجشەممە 2، ی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کاژێر 10:45 درۆنێکی نەناسراو بەدیکراوە لە ئاستێکی نزم لە سنووری بەرپرسیارێتیی فەوجی سێی لیوای 44ی سوپا لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک فڕیوە.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، ئەو درۆنە لەلایەن یەکەیەکی فەوجی سێی سوپاوە لە گوندی فاخیرە خراوەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی زیانی هەبێت.
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، یەکەی ئەندازیاریی سوپا چووەتە شوێنی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە و رێکارە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر.
بە گوتەی وەزارەتی بەرگری، یەکەکانیان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر سەرپێچییەک و ئەو جۆرە هەوڵانە کاریگەرییان لەسەر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان نابێت و بەهێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
ئەو پێشهاتە سەربازییە لە دوای ئەوە دێت کە لە 24ی ئادار ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بڕیاری دا کە هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی سەرپشکن لە "رووبەڕووبوونەوە و وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە سەربازییانەی بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن دەکرێنەسەر بارەگا و پێکهاتە ئەمنییە فەرمییەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ