رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای رایگەیاند، کێشەی کوژانەوەی کارەبای دهۆک و هەولێر کە بەهۆی رەشەباوە دروستبووبوو چارەسەر کراوە. دەشڵێت: "65%ـی هاونیشتمانیان لە پڕۆژەی رووناکیدا 24 کاژێر کارەبایان هەیە."
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ شەو لە پارێزگای دهۆک کوژانەوەی گشتیی کارەبا روویدا و لە هەولێریش لە چەند هێڵێکی کارەبا کێشە دروستبوو، بەڵام دوای دوو کاژێر کێشەکە چارەسەر کرا، کە هۆکارەکەی رەشەبا و ناجێگری دۆخی کەشوهەوا بوو."
سەبارەت بەو هاوبەشانەی کارەبای پرۆژەی رووناکیان هەیە، ئومێد ئەحمەد گوتی: "65%ـی هاونیشتمانیان 24 کاژێر کارەبایان هەیە. ئەو شوێنانەشی هێشتا نەهاتوونەتە ناو پڕۆژەکە، ئێستا رۆژانە 22 بۆ 23 کاژێر کارەبایان هەیە."
لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا روونیکردەوە کە بەرهەمهێنان بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران) کەمی کردبوو، بەجۆرێک کە لە رۆژانی ئاساییدا 4500 مێگاوات بەرهەم دەهێندرا، بەڵام بۆ ماوەیەک کەمیکرد.
بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، ئێستا دۆخەکە باشتر بووە. گوتیشی: "بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 3500 مێگاوات. هەندێک کاری چاکسازی لەناو تۆڕەکان و یەکەکانی بەرهەمهێناندا دەکرێن. پێشبینی دەکەین تاوەکو مانگ و نیوی دیکە، ئاستی بەرهەمهێنان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی کە 4500 مێگاواتە."
بە کاریگەریی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان لە 28ـی شوباتەوە لە 24 کاژێرییەوە بۆ نزیکەی 5 کاژێر کەمی کرد، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی جارێکی دیکە موەلیدە ئەهلییەکان هەڵبکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ