ژمارەیەک جووتیاری رانیە گردبوونەوە و بۆ وەرگرتنی پارەی گەنم سەردانی بەغدا دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک جووتیار لە رانیە گردبوونەوە و داوای خەرجکردنی پارەی گەنمەکانیان دەکەن. نوێنەرێکیان دەڵێت، وەک ناڕەزایی دەچنە بەغدا و سەردانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 08-02-2026 ژمارەیەک جووتیار وەکو دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر نەناردنی پارەی گەنمی رادەستکراویان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، لە قەزای رانیەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و بڕیارە سەردانی بەغداش بکەن.
 
عەلی جەوەر عەزیز، نوێنەری جووتیارە ناڕازییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە مانگی 10ی ساڵی 2024ەوە دەستیان بە چاندنی گەنم کردووە، بەڵام پێویستیان بە پارەی ئەو گەنمەیە ساڵی رابردوو رادەستی حکومەتی عێراقیان کرد.
 
بە گوتەی عەلی جەوەر عەزیز، لە بەغدا سەردانی پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی بازرگانی دەکەن ''بۆ ئەوەی هەموو لەگەڵمان بێنە سەر هێڵ و پارەکەمان بۆ خەرج بکرێ.''
 
ئەو هاونیشتمانییە داوا لە هەموو جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات سەردانی بەغدا بکەن، بۆ ئەوەی لە پارەی گەنمەکانیان بپرسنەوە، ''چونکە بەو شێوەیە بەردەوام بێ، کەرتی کشتوکاڵی بەرەو پووکانەوە دەچێت.''
 
پار حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت کە بەگشتی 300 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا بە سێ گوژمە تەنیا نزیکەی 96 ملیار و 750 ملیۆن دینار نێردراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە