رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە لە کەرکووک گیانی لەدەستدا و کوڕەکەشی بریندارە.
موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مینەکە لە ناوچەی جەوەل بۆر تەقیوەتەوە و ئەو دوو کەسەش گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، هاووڵاتی سڤیلن.
ناوچەکە دەکەوێتە نێوان کەرکووک و قەرەهەنجیر و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی لەیلانە. عامر شوانی دەڵێت، ئەو خێزانە بە مەبەستی سەیران چووبوونە ئەو ناوچەیە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتیشی، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە عەرەبە و لەدایکبووی 1980یە. گوتیشی، "برینی کوڕەکەی سووکە و تەندروستی جێگیرە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو پیاوەی گیانی لەدەستداوە ناوی عەزیز شەحازە عیسا عەلیە، تەمەنی 42 ساڵە، تاوەکو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە دڵی لە لێدان کەوتووە.
کوڕەکەیشی بەناوی مستەفا، کە تەمەنی 12 ساڵانە، بریندار بووە و لەژێر چاودێریی پزیشکدایە.
هاوکات، لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت، "مینەکە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی بەعس دەگەڕێتەوە".
ئەو شوێنەی بۆمبەکەی تێدا بووە، پێش رووخانی دەسەڵاتی بەعس، سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراق بوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، نەچنە ئەو ناوچەیە و سەرجەم ئەو ناوچانەی قەدەخەکراون، ئەوەش بەهۆی بوونی پاشماوەی مین و بۆمبی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ