رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی توێژینەوە، ئیرشاد و رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، رۆژی یەکشەممە چاودێریی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان دەکەن و یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاری دەکەن.
پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە 11ـی ئادار یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، بەرپرسی توێژینەوە، ئیرشاد و رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی لیژنەی بینینی مانگەوە ئاشكرای دەکەین کە دووشەممە یەکەم رۆژی رەمەزان دەبێت یان سێشەممە".
بڕیارە رۆژی یەکشەممە لیژنەکە پێش نوێژی شێوان چاودێری بینینی مانگ بکەن و دوای نوێژ ئەنجامەکەی رابگەیێنن.
ساڵی رابردوو رۆژی 23-03-2023 لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی کرایە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان.
ساڵی 2022 رۆژی 2ـی نیسان یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو.
ساڵانە لە دوایین رۆژەکانی مانگی شەعباندا لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان چاودێری بینینی مانگ دەکەن و داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکەن چاودێری بینینی مانگ بکەن و لە هەر شوێنێک مانگیان بینینی، لیژنەکە ئاگاداربکەنەوە.
هەر لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانەوە، پێشتر کۆمەڵەی فەلەکناسیی سعودیە بە رووداوی راگەیاندبوو، رۆژی دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ