نیشاندانی نەخشەی کوردستانی گەورە لە سی ئێن ئێن کاردانەوەی ئەنقەرەی لێدەکەوێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
فەردی ساک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تورکیا کاردانەوەی بەرامبەر نەخشەیەکی پیشاندراوی کوردستان لە لایەن کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکییەوە نیشان دەدات و دەڵێ، نەخشەکە راستییە کۆمەڵایەتییەکان دەشێوێنێت. 
 
پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بە تووندی ناڕەزایەتیی بەرامبەر کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دەربڕی، ئەوەش دوای ئەوەی لە ڤیدیۆیەکدا نەخشەی کوردستانی نیشان دا. ئەنقەرە رایگەیاند، ئەو نەخشەیە "راستییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە دەشێوێنێت."
 
سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکدا کە لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، نەخشەیەکی کوردستانی گەورە نیشان دەدات. کەناڵەکە ئەو نەخشەیەی وەک "ئەو ناوچانەی کوردیان لێ دەژی" پێناسە کردووە و پارێزگاکانی باکووری کوردستانیشی تێدایە. ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی بەرپرسانی تورکیا.
 
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا ناڕەزایەتیی بەرامبەر نەخشەکە دەردەبرێ.
 
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێ: "ئەو نەخشەیەی لەلایەن سێ ئێن ئێنەوە بڵاوکراوەتەوە و ئەو شێوازە ئەدیتۆرییەی لەبارەی تورکیا و راستییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە پەیڕەوی دەکات، چوارچێوەیەکی چەواشەکارانە دەخاتەڕوو. ئەم جۆرە کێشان و نەخشانە کە هەمەجۆریی کۆمەڵایەتیی ناوچەکە و کولتووری پێکەوەژیان پشتگوێ دەخەن، دەبنە هۆی بەلاڕێدابردنی رای گشتی."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە "یەکپارچەیی کۆمەڵایەتیی تورکیا" دراوە و تێیدا هاتووە: "هاووڵاتییانی ئێمە لە ناسنامە و پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکان، چەندین نەوەیە لەنێو هەمان ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و گشتی لە سەرتاسەری وڵات پێکەوە دەژین. هەر یەکێک لەو 86 ملیۆن کەسەمان، بەشێکی دانەبڕاوی کۆماری تورکیایە. ئەم نەخشە سادەکراوانەی کە یەکێتی و برایەتیمان دەکەنە ئامانج، راستییە کۆمەڵایەتییەکان دەشێوێنن."
 
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی تورکیا لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "یەکسانکردنی هاووڵاتییانی کوردی ئێمە بە هەر ئەکتەرێکی سیاسی یان چەکدار، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. ئەم کارە دەبێتەهۆی بەهێزبوونی ئەو گوتارانەی کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی تورکیا بە هەڵە نیشان دەدەن و فرەیی دانیشتووان پشتگوێ دەخەن."
 
حکومەتی تورکیا داوای لە میدیا نێودەوڵەتییەکان کردووە لە پرسە هەستیارە ناوچەییەکاندا وەک خۆی دەڵێ، بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دەڵێ: "چاوەڕوان دەکەین سی ئێن ئێن لە پەخش و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانیدا لە نەخشە و دیمەنە چەواشەکارەکان دوور بکەوێتەوە. ئەو زمانەی لە ڤیدیۆکەدا بەکارهاتووە، لێکدانەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی دەستکردە و لەگەڵ راستییەکانی سەر زەویدا ناگونجێت."
 
جگە لە دامەزراوە فەرمییەکان، بەشێک لە سیاسییە نەتەوەپەرستەکانیش کاردانەوەیان هەبوو. ئەییووجە تورکێش، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە ئەدەنە، کە کچی دامەزرێنەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپ)ـە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتیی دەربڕی و گوتی: "ئەم نەخشەیە قبووڵکراو نییە؛" هەروەها داوای لە بەرپرسان کرد لە بەرامبەر ئەم هەوڵەی سی ئێن ئێندا هەنگاوی پێویست بنێن.
 
دوای بڵاوکردنەوەی ئەم نەخشەیە لەلایەن سی ئێن ئێنەوە، لە میدیاکانی تورکیادا مشتومڕێک دەستیپێکردووە کە "ئایا دوای گۆڕانکارییەکانی ئێران، سی ئێن ئێن بەم نەخشەیە پەیامێکی تایبەت بە تورکیا دەدات یان نا؟"
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە