مەسرور بارزانی: وڵات تاهیر لە ئەنجامی هێرشی ستەمکارانە و تیرۆریستیانە شەهید بوو

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی وڵات تاهیر دەکات، کە شەوی رابردوو لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر شەهید بوو.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵە، هاوڕێ و هاوکارانی وڵات تاهیر دەکات، دەشڵێت، "لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری ناڕەوا و ستەمکارانە و تیرۆریستیانەی سەر هەرێمی کوردستان شەهید بوو."
 
شەوی رابردوو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر وڵات تاهیر، کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە شەهید بووە و سێ کەسیش بریندارن.
 
شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە چەندین هێرش کرانە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێندران.
 
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو بە 10 درۆن هێرش کراوەتە سەر شاری هەولێر.
 
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێ و هاوکارانی شەهید وڵات تاهیر کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەکەم و هاوبەشی خەمیانم، کە بە داخەوە، لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری ناڕەوا و ستەمکارانە و تیرۆریستیانەی سەر هەرێمی کوردستان شەهید بوو.
 
خودای مەزن گیانی شەهید وڵات بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە هەموومان ببەخشێت. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.
 
خودای مەزن کوردستان بپارێزێت.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە