رووداو دیجیتاڵ
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، هێرشەکانی شەوی رابردوویان دوو شەهیدی لێکەوتەوە، یەکێکیان پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستان و کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بوون.
بارەگاکانی پێشمەرگە، فڕۆکەخانە، نووسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان، کونسووڵخانەی تورکیا ئامانجی هێرشەکان بوون.
بە درێژایی رۆژی 7ی ئاداری 2025 چەندین درۆن ئاراستەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کران، زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندران.
یەکێک لە هێرشەکان بووە هۆی گیانلەدەستدانی کارمەندێکى ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و برینداربوونی سێ کارمەندی دیکە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "سیستمی بەرگری کاری کردووە، بەڵام پارچەی یەکێک لەو درۆنە تێکشێنراوانە لە نزیک شوێنی ئێشکگرتنى کارمەندانی ئاسایش کەوتووەتە خوارەوە، بەو هۆیەوە کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە بە ناوی (وڵات) شەهید بوو."
پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشێنراوەکان لە کۆگایەکی گوندی گەزنە کەوتە خوارەوە و ئاگری لێکەوتەوە.
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، ئەو جۆرە هێرشانە لەلایەن ئەو گرووپانەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان کە لە ئێرانەوە نزیکن.
ڤیدیۆی هێرشی سێیەم بۆ سەر سلێمانی ببینە. درۆنێک لەنزیک هۆتێل تایتانیک دەکەوێتە خوارەوە pic.twitter.com/6PJKMZ4KfG
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 7, 2026
هێرشەکان لە رۆژی 7ی ئادار و بەرەبەیانی رۆژی دواتر، سنووری پارێزگای سلێمانیشی گرتەوە.
دوو درۆن ئاراستەی بارەگای هێزی دەڤەری دووی پێشمەرگە کران و تێکشکێنران، دووانی دیکەش لە نزیک بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسینگەی کونسووڵخانەی تورکیا لە ناوەندی شارەکە کەوتنە خوارەوە.
لەنێو فەرماندەیی سلێمانییەوە ژمارەیەک پێشمەرگە تەقە لە درۆنێک دەکەن و دواتر دەکەوێتە خوارەوە pic.twitter.com/EbRi4m2upN
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 7, 2026
شایەتحاڵێک لە نزیک شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە شەقامێکی ناوەندی شارەکە گوتى: "درۆنەکە دەنگێکی هەبوو، لە دەنگی ماتۆڕسکیل دەچوو، پاشان کەوتە خوارەوە."
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێرشەکان لە رێگەی شەش درۆنەوە کراون و "هیچ زیانێکی مرۆییان لێ نەکەوتووەتەوە."
یەکێک لە هێرشەکانی دیکە لە سنووری سلێمانی، گوندی زرگوێزەڵەی گرتەوە کە بە مووشەک کرا.
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی رایگەیاند کە هێرشەکان بە سێ مووشەک کراون و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە و دوانی دیکەش بریندار بوون.
ئەو گرووپەی خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن و نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە یەکەم رۆژی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکەیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ