رووداو دیجیتاڵ
مەحموود عیزەدین، پیاوێکی تەمەن 59 ساڵە و لە گەڕەکی سێبەردانی شاری هەولێر، بە کۆکردنەوەی کارتۆن و قوتووی بەتاڵ بژێوی بۆ خێزانەکەی دابین دەکات. ئەو بەهۆی هەژاری و نەخۆشییەوە، لە بارودۆخێکی سەختدا و لە خانوویێکی کۆنی کرێ دا دەژی.
مەحموود عیزەدین، نەخۆشیی بڕبڕەی پشتی هەیە، بە ماتۆڕێکی سێ تایە بەنێو کۆڵانەکاندا دەگەڕێت و پلاستیک و کەرەستەی کۆنە کۆدەکاتەوە. ئەو دەڵێت، "رەنجی دوو مانگم ناگاتە 15 هەزار دینار، لەوەش دەبێت 5 هەزار دیناری بدەمە بەنزینی ماتۆڕەکەم."
ئەو خێزانە ماوەی 5 ساڵە لە خانوویەکی کرێدا دەژین کە تەنیا لە یەک ژوور و هۆڵێک پێکهاتووە و مانگانە 40 هەزار دینار کرێ دەدەن. پەیمان مەحموود، هاوژینی مەحموود، لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی لەوەکرد، کە خانووەکەیان پڕە لە مشک و جرج. ئەو دەڵێت، "جرجەکان وایەری کارەبایان دەخوارد و دەچوونە نێو سەلاجەکەمان."
ژیانی ئەم خێزانە هێندە سەختە کە بۆ خۆشۆردن، بە دار ئاگر دەکەنەوە بۆ گەرمکردنی ئاو و جلەکانیشیان بە دەست دەشۆن، چونکە بۆیلەر و جلشۆریان نییە. خێرخوازێک کارەبای وزەی خۆری بۆ دابین کردوون، چونکە کارەبای گشتی و موەلیدەیان نییە.
مەحموود، باس لەوە دەکات بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە توانای کارکردنی نییە، بەڵام "ناچارە". ئەو لە 'بەرپرسیاری رەمەزان' گوتی: "کوڕەکەم داواکاریی زۆرە و نیمە بۆی بکڕم. زۆر جار داوای گۆشت دەکات، دەچم بە قەرز بۆی دەکڕم."
محەممەدی کوڕیان، کە تەمەنی 11 ساڵە، دەڵێت حەزی لە خوێندنە، بەڵام لەبەر ئەوەی ماڵەکەیان "کەلاوەیە" و ژووری تایبەت بە خۆی نییە، ناتوانێت وانەکانی بخوێنێت.
خاوەنی خانووەکەیان دەڵێت، "مام مەحموود کەسێکی هەژارە و شایستەی هاوکارییە. ئێمە مانگانە تەنیا 40 هەزار دیناری لێ وەردەگرین کە پارەیەکی رەمزییە."
دراوسێیەکیشیان ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین ساڵە شایەتی هەژاری و کەمدەرامەتیی ئەو خێزانەن. پەیمان مەحموود، دەڵێت: "چێشتخانەکەم لە دار دروستکردووە و نەوت بە دەبە دەکڕین. سەگی بێلانەش دێنە حەوشەی ماڵمان."
مەحموود و خێزانەکەی هیواخوازن خێرخوازان هاوکارییان بکەن بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە سەختە رزگاریان بێت و بتوانن ژیانێکی شایستەتر بۆ خۆیان و منداڵەکەیان دابین بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ