رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا لەگەڵ ئێران، زیاتر لە هەفتەیەکە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ راگیراوە، بەو هۆیەوە نرخی گازی شلی بازرگانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێ، سەرقاڵی داڕشتنی بەرنامەیەکە بۆ دابینکردنی گاز بۆ سیتییەکان و پڕۆژە پیشەسازییەکان.
هەوڵەکانی وەزارەت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە
فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بە چڕی کار لەسەر بەرنامەیەک دەکات بۆ چۆنیەتی دابینکردنی گازی شل بۆ پێداویستییەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا لەگەڵ ئێران و راگیرانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر و ئەگەری هاوردەکردنی گاز لە بەغداوە، فەلاح سەید مەولوود ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکان بەردەوامن و گوتی: "هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی کۆتایی."
بازاڕی بازرگانی لەژێر گوشارێکی سەختدایە
هاوکات لەگەڵ هەوڵە حکومییەکان، بەڵێندەرانی دابینکردنی گاز هۆشداری لە پەککەوتنی سێکتەرەکان دەدەن.
شەماڵ ساڵح، یەکێک لە بەڵێندەرانی دابینکردنی گازی شل لە سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، 10 رۆژە قەیرانێکی سەخت دروستبووە و نرخی یەک تۆن گازی بازرگانی لە نزیکەی 700 هەزار دینارەوە بۆ دوو ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە.
بە گوتەی ئەو بەڵێندەرە، ئەم تەنگژەیە هەڕەشە لە زۆرینەی کێڵگە پەلەوەرییەکان و زۆربەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون (سیتییەکان) دەکات کە سیستمی گازی ناوەندییان هەیە، کە توانای کۆگەکردنی گازیان سنووردارە.
پێشنیارەکان بۆ چارەسەری خێرا
لە کاتێکدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیە بۆ ئەم پرسە، ئەو بەڵیندەرە داوا دەکات "حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا هاوئاهەنگی بکات بۆ هاوردەکردنی گازی شل، چونکە لە بەغدا گازی شل هەرزانە و نرخی یەک تۆن گاز لە حکومەتی فیدراڵی ناگاتە 500 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ