رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، نێوەڕاستی مانگی ئایار دیاریکراوە بۆئەوەى فۆرمى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چاپ بکرێت، بەڵام ئەگەر هەیە پێنج رۆژ دوابخرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە گوێرەى خشتەى کارى کۆمیسیۆن، 15ـى ئایار دیاریکراوە بۆ چاپکردنى فۆرمى دەنگدان، بەڵام ئەگەر هەیە پێنج رۆژى دیکەش دوابخرێت، ئەوەش بەهۆى دواخستنى هەندێک لە هەنگاوەکانی دیکەوە کە پێشتر هەبوون.
ئەو فۆرمە ژمارەى لیستى پارت و هاوپەیمانێتییەکان و بەربژێرانى سەربەخۆى لەسەر دەبێت.
عیماد جەمیل ئاماژەى بەوەشدا کە بەگوێرەى خشتەى کارى پێشوو، دەبوو لە 5ـى نیسان فۆرمى دەنگدان چاپ بکرایە، بەڵام بەهۆى ئەوەى هەنگاوەکانى دیکە چەند جارێک دواکەوتن، ئەو چاپکردنەش خرایە 15ـى ئایار.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەمە، 8ـى نیسان، تیروپشکى بەربژێرانى تاک، پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى، "لە هەفتەی داهاتووەوە کڵێشەى ئەو فۆرمى دەنگدانە لە کۆمیسیۆن دروست دەکرێت. فۆرمەکە لە دەرەوەى وڵات چاپ دەکرێت و دواتر ئەو وڵاتە رادەگەیێندرێت تێیدا چاپ دەکرێت".
بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان عێراق لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023، فۆرمى دەنگدان لە ئەڵمانیا چاپکرا.
لە دواى کۆتاییهاتنى وادەى رادەستکردنى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوو هاوپەیمانێتى و 10 پارت، هەروەها 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوی خۆیان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردبوو.
رۆژی 10ـى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ