رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ و پێش ئاگربەست، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 700 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
بەگوێرەی ئاماری هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کە تۆڕی میدیایی رووداو رۆژانە تۆماری دەکات، لە کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی سێشەممە بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ 8ی نیسان، هەرێمی کوردستان بە 5 مووشەک هێرش کراوەتە سەری؛ دووانیان بۆسەر پارێزگای هەولێر؛ دووانیان بۆسەر پارێزگای سلێمانی و ئەوی دیكەش بۆسەر دهۆك.
بەگوێرەی دوایین ئاماری رووداو، لە 28ـی شوباتەوە بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ 8ـی نیسان، هەرێمی کوردستان بە 703 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر و لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 92 کەسیش بریندار بوون.
نوێترین ئاماری هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 560 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی 115 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 26 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان
- نزیك كاژێر 01:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرشێكی درۆنی كرایە سەر سنووری پارێزگای دهۆك. بەگوێرەی زانیارییەكانی رووداو، درۆنەكە لە ئاسمانی یەكێك لە گوندەكانی ناوچەكە تەقێندراوەتەوە.
- نزیك كاژێر 3:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دەنگێكی بەهێز لە سلێمانی و دەوروبەری بیسترا. دیارنییە هۆكارەكە هێرشی درۆنی یان مووشەكی بووە.
- نزیك كاژێر 11:25ی شەوی سێشەممە، درۆنێك لە هەولێر كەوتەخوارەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی رووداو، زیانی گیانی نەبووە.
- نزیک کاژێر 11:30ـی رۆژی سێشەممە، دەنگێکی بەرز لە سنووری هەولێر بیسترا.
- نزیک کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی سێشەممە، بە درۆن هێرش کرایە سەر سنووری چیای گوڵان، لە قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی.
قوربانیی هێرشەکان
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، حەوتیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، دووانیان هاوژینی یەکبوون و لە ماڵەکەیاندا شەهید کران؛ شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: گوندی زەرگەزەوی، گوندی کێشکە، دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، چیای گوڵان، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، گوندی شێخ وەیساوا، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ