CPT: تاوەکو ئەمڕۆ بە بۆردوومانی تورکیا و ئێران زیاتر لە 850 هاونیشتمانی شەهید بوون

08-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوێکی ئەمریکی بە هاوکاریی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، داتای ئەو هاونیشتمانییانەی کۆکردووەتەوە، کە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون. ئەندامێکی رێکخراوەکە دەڵێت، "بۆ قەرەبووکردنەوە داتاکان دەدەنە بەغدا."
 
بۆ هاوئاهەنگی لە کارەکانیان، رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی و دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەستەی مافی مرۆڤ پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەکانمان راگەیاندووە."
 
بەڵگەنامەی گیانلەدەستدان، وێنە، ناسنامە و راپۆرتی پزیشکی برینداران ئەو بەڵگەنامانەن کە رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی کۆی کردوونەتەوە.
 
کامەران عوسمان دەڵێت، لە رابردوودا لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هێڵ بوون بۆ قەرەبووکردنەوەی برینداران و کەسوکاری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە. گوتیشی، "لە عێراق بە یاسا قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بە شەهید تۆمار دەکرێن و بریندارانیش بە برینداری نیشتمانی."
 
بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە (CPT)ی ئاماژەی بەوەش کرد، "هەندێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لە هەرێمی کوردستان وەکو شەهید ژمێردراون و قەرەبووی کەسوکاریان دەکرێتەوە، بەڵام ‌هەموویان یان پارتی بوون یان یەکێتی بوون و خەڵکە بێلایەنەکە هیچیان بۆ نەکراوە."
 
بە گوتەی کامەران عوسمان، بەغدا بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی بە قوربانییەکان داوەتە ئەوان و ئەوەی ماوە داتای شەهید و بریندارەکانە رادەستیان بکەن. گوتیشی، "پڕۆسەکە کاتی پێویستە."
 
راپۆرتی رێکخراوە ئەمریکییەکە 30 لاپەڕەیە، رەگەزی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و بریندارن، تەمەن و ناسنامەیان تۆمار کراوە.
 
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوەکە بۆ رووداو، بەهۆی بۆردوومانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە، لە ساڵی 1990ـەوە زیاتر لە 850 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە. کامەران عوسمان گوتی، "زۆرینەی زۆری شەهیدەکان بەهۆی بۆردوومان و هێرشی تورکیاوە بووە."
 
بەگوێرەی رێکخراوەکە، بەهۆی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە و سوپای تورکیاوە، 161 گوندی باشووری کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و بە ناوچەی قەدەخە دەژمێردرێن. هەروەها 602 گوندی دیکە لەژێر هەڕەشەی چۆڵکردندان و زۆرینەی خەڵکەکەی جێیان هێشتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن