هاونیشتیمانییەک لە ورمێ لەسێدارە درا

08-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتیمانییەکی کورد بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە درا.
 
ناوی ئەو هاونیشتیمانییە حەسەن موحەرێرە و خەڵکی گوندی "لورنێ"ی سەر بە ناوچەی تەرگەوەری شاری ورمێیە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو زیندانییە رۆژی دووشەممە 6ی ئایاری 2024 گوێزرایەوە ژوورێکی تاکەکەسی لە گرتووخانەی ورمێ، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 7ی گوڵان لە هەمان گرتووخانە لەسێدارە دراوە.
 
ئەو هاونیشتیمانییە چەند ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی "قاچاخچیێتی و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا، دواتر لەلایەن دادگەی شۆڕشی ئەو شارەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.
 
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردووە، چوار بەندکراوی دیکە لە گرتووخانەی ورمێ کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، گوێزراونەتەوە ژووری تاکەکەسی و مەترسیی ئەوە هەیە لەسێدارە بدرێن.
 
ئێران لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە، کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 171 کەس لە ئێران بە تۆمەتی جیاوازی پەیوەندیدار بە سیاسەت، مادەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارەدراون.
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ساڵی رابردوو 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون، کە 151 کەسیان کوردن.
 
بەگوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە