گومرگی کرماشان: لە مانگێکدا بە بەهای زیاتر لە 230 ملیۆن دۆلار هەناردەمان هەبووە

08-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گومرگەکانی کرماشان رایگەیاند، بەراورد بە پار هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە زیادیکردووە. لە مانگی یەکەمی بەهاردا بایی زیاتر لە 230 ملیۆن دۆلار هەناردەیان هەبووە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان و سەرپەرشتیاری گومرگەکانی ئەو پارێزگایە، رۆژی سێشەممە 7ی ئایاری 2024 ئامارێکی نوێی لەبارەی قەبارەی هەناردەکردنی شتومەک لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مانگی یەکەمی بەهاری ئەم ساڵدا واتە لە 21-03-2024 تاوەکو 21-04-2024، لە پارێزگای کرماشانەوە بڕی 490 هەزار و 575 تۆن کەلوپەل، بە بەهای 230 ملیۆن و 520 هەزار دۆلار هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی کرماشان لەڕووی کێشەوە 6% و لەڕووی نرخەوە 17% زیادیکردووە.
 
گوتیشی، زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی لە کرماشانەوە هەناردەی دەرەوە کراون، بریتین لە، ئاسن، کاشی، سیرامیک، بەردی بیناسازی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و میوە.
 
بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان ئاماژەی بە قەبارەی هەناردەکردنی ساڵی پاریش کرد و رایگەیاند، ساڵی رابردوو بڕی حەوت ملیۆن و 273 هەزار تۆن شتومەک، کە بەهاکەی دەکاتە زیاتر لە سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کرا.
 
بە گوتەی عەلی ئەسغەر عەباسزادە، ئەو بڕە لە هەناردەکردن، بەراورد بە دوو ساڵ پێشتر لەڕووی کێشەوە 7% و لەڕووی نرخیشەوە 27% زیادیکردووە.
 
ئەوەشی خستەڕوو، زیاترین هەناردە لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان بووە و دوای ئەویش، دەروازە سنوورییەکانی خوسرەوی، سومار، شێخ سڵە و شوشمێ دێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن