مامۆستاکەی زانکۆی هەڵەبجە ئازاد کرا: ئەوەی روویداوە مەترسییەکی زۆر گەورەیە

08-05-2024
سۆران حوسێن
وێنەی مامۆستاکەی زانکۆی هەڵەبجە کە دەستگیرکرا و دواتر بە دەستەبەر ئازاد کرا
وێنەی مامۆستاکەی زانکۆی هەڵەبجە کە دەستگیرکرا و دواتر بە دەستەبەر ئازاد کرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستا دەستگیرکراوەکەی زانکۆی هەڵەبجە، دوای مانەوەی شەوێک لە زیندان لەسەر سکاڵای سەرۆکی زانکۆکە، ئەمڕۆ بە دەستەبەر ئازاد کرا.
 
ئوسامە ئەشرەف، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە، ئەو مامۆستایەیە کە دەستگیر کرابوو، دوای ئازادکردنی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمەڵێک پۆستی تەنزئامێزم لە فەیسبووک کردووە، رەخنەم لە شێوەی ئیدارەدان گرتووە نەوەکو کەسێک."
 
ئەو مامۆستایە دەڵێت، "لە پۆستەکانمدا بە هیچ شێوەیەک نە ناوی زانکۆی هەڵەبجەم هێناوە، نە ناوی سەرۆکی زانکۆ، بەڵام بە تۆمەتی ناوزڕاندن دراومەتە دادگە."
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە دۆسیەکە ئاگادار کراوەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان هاتووەتە سەر هێڵ و دەیەوێت کێشەی نێوان هەردوو مامۆستاکە چارەسەر بکات.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت، "وەزیر هەردوو مامۆستاکە بانگهێشتی وەزارەت دەکات و ئاشتیان دەکاتەوە، چونکە بە تەواوی دژی دەستگیرکردنی مامۆستاکە بووە."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دژی دەستگیرکردنی ئەو مامۆستایە، لە زانکۆی هەڵەبجە ژمارەیەک خوێندکار و مامۆستای زانکۆکە گردبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد.
 
هۆشمەن عەتا، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە لە گردبوونەوەکەدا بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداوی گوت، "ئەو مامۆستایەی دەستگیر کراوە، لە فەیسبووک بابەتی تەنزئامێزی نووسیوە و بابەتەکەشی گشتگیر بووە و تایبەت نەبووە بە پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام سەرۆکی زانکۆ سکاڵای لەسەر تۆمار کردبوو."
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتی، "ئەوەی نیگەرانی کردووین ئەوەیە، کە رێکارێکی بچووکی کارگێڕی بوو دەکرا لەنێو زانکۆ چارەسەر بکرێت. هەروەها ئەوەی روویداوە مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و بیروبۆچوونی جیاواز."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی رێکارەکانی سەرژمێریی گشتیی

16 هەزار مامۆستا لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێریی گشتی گرێبەستیان بۆ دەکرێت

بۆ سەرژمێری گشتیی دانیشتووان، وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێویستی بە 120 هەزار مامۆستایە، بەپێی بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 هەزار مامۆستایان پێویستە و وەزارەتی پەروەردە دەستنیشانیان دەکات.