مەسرور بارزانی: پێویستە هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەبێتە رێگر لەبەردەم ناردنی مووچە

08-05-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرسی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و بەبانکیکردنی مووچە، بەربەست بوون لەوەی تاوەکو ئێستا مووچە نەهاتووە. مەسرور بارزانی دەڵێت، پێویستە حکومەتی عێراق مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە رێگر لەبەردەم ناردنی مووچە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد. بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، لەبارەی هەژماری من، مووچە، سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست گفتوگۆ کراوە.
 
لەبارەی مووچە، مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە "هەرچی ئەرک و پابەندییە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێی کراون و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە رێگر لەبەردەم ناردنی مووچە".
 
لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، "ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵیی بەجێگەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعة)ی مانگانەی خۆی بە پەسندکراوی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە زانیاریی تەواو لەسەر داهات و خەرجییەکان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەموو داتا و زانیارییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بەگوێرەی یاسای بودجە. ئیتر چاوەڕێین حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کات، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم بدات لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر".
 
گوتەبێژی حکومەتیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پرسی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و بەبانکیکردنی مووچە، بەربەست بوون لەوەی تاوەکو ئێستا مووچە نەهاتووە، بەڵام "ئێستا هەردوو بەربەستەکە نەماون و چاوەڕێین لە زووترین کاتدا وەزارەتی دارایی عێراق مووچە بنێرێت".
 
سەبارەت بە پڕۆژەی "هەژماری من"؛ حکومەت دەڵێت، "بانکی TBI هاتووەتە نێو پڕۆژەی هەژماری من. ئێستا حەوت بانک هەن و هیچ فەرمانبەرێک ناچار ناکرێت یەکێک لە بانکەکان هەڵبژێرێت، فەرمانبەران بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن یەکێکیان هەڵبژێرن" بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی، چونکە وەکو حکومەت دەڵێت: "تەوتین و هەژماری من یەک ئامانجی هەیە، ئەویش ئەوەیە فەرمانبەران لەڕێگەی بانکەوە مووچەکانیان وەربگرن".
 
لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەران، حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لیژنەیەکی راسپاردووە بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی بدات و لەگەڵ حکومەتی عێراقیش کۆببێتەوە و پێویستە لە "15 رۆژدا" کارەکانیان تەواو بکەن. 
 
30 هەزار و 672 فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەن. ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمرۆیدا "بڕیاریدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و رێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات کە بە رێکارە یاساییەکان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە 15 رۆژ تێپەڕ نەکات". دواتر حکومەت بڕیاری لەبارەوە دەدات.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باسی لە سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە لێکۆڵینەوەی پێویست لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە بکەن: "هەوڵ دەدەین بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و رێکخراوی یۆنیسکۆ، ئەو بازاڕە مێژوویی و شوێنەوارییە نۆژەن بکرێتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن