رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژانە نزیکەی 160 تۆن پلاستیک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە، ئەگەر کارگەیەکی ریسایکلین دروست نەکرێت، پلاستیک کاریگەریی مەترسیداری لەسەر ژینگە دەبێت.
چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی لە نێو شارەکان و شوێنە گەشتیارییەکان "زبڵ و خاشاکی زۆر فڕێ دەدرێت و رۆژانە هەمووی کۆدەکرێتەوە، بەڵام پلاستیکیش لەگەڵ خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە نەک بەجیا، دواتر دەسووتێندرێت، مادە پلاستیکییەکانیش ئەگەر بسووتێندرێن مادەی ژەهراوی لە هەوادا بڵاودەکەنەوە، ئەمەش مەترسیی گەورە لەسەر ژینگە دروست دەکات."
وەک گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتی، "رۆژانە لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە، رێژەی پلاستیک لە خۆڵ و خاشاکدا زیاترە لە %22، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت رۆژانە زیاتر لە 160 تۆن پلاستیک لە خۆڵ و خاشاکدا هەیە."
لەبارەی لێکەوتەکانی زۆربوونی پلاستیک، خۆڵ و خاشاک، د. سەنعان عەبدوڵڵا دەڵێت، سەرچاوەکانی ئاو و شوێنە گەشتیارییەکان پیس دەبن و مادەی پلاستیک لە زەویدا بە ئاسانی شی نابێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری لاوازبوونی بەرهەمی خاک، هەروەها لە کاتی سووتاندنی پلاستیک مادەیەکی ژەهراوی بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە و پیسی دەکات.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە وەکو چارەسەر داوا دەکات، "کارگەیەکی ریسایکلینی گەورە" لە هەرێمی کوردستان دابنرێت، تاوەکو بتوانن خۆڵ و خاشاک ریسایکلین بکەن، نەک بیسووتێنن، بەتایبەتی پلاستیک و قوتووەکان، لەگەڵ کۆمپانیاکان رێککەوتن بکەن جۆرە پلاستیکێک بەرهەمبهێندرێت کە بتوانن دووبارە بەکاری بهێنەوە و سوودی لێ وەربگرنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ