رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، هەندێک لە دووکاندارەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل دەنگۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە رەشکردنی جامی پێشەوە و پشتەوەی ئۆتۆمبێل ئاساییە، بەڵام ئەوە راست نییە و دەبێت بەپێی رێنماییەکان بێت، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، عەمید ئاسۆ محەممەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند کەسێک بەهۆی سەرپێچییەوە دەستگیرکران، بەڵام پێیانگوتین "کە دووکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل پێیانگوتوون کە ئاساییە بەبێ رێنماییەکان جامی پێشەوە و پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکان رەش بکەن، خۆشمان چەند ریکلامێکی دووکانی جوانکاریمان بینی کە وا دەڵێن، بۆیە رەتیدەکەینەوە."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، کە دوور بکەونەوە لەو دەنگۆیانە و هەڵنەخەڵەتێن، تەنیا ئەو رێنماییانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بە فەرمی بڵاویان دەکاتەوە، متمانە پێکراون.
عەمید ئاسۆ محەممەد گوتی: "رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل رێنمایی خۆی هەیە و رسووماتی هەیە، بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکە و رێژەی رەشکردنەکە دەگۆڕێت، بەدەر لە رێنماییەکان هیچ کەسێک ناتوانێت جامی ئۆتۆمبێل رەش بکات."
رۆژی پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، بە پێچەوانەی رێنماییەکانی جام رەشکردنی ئۆتۆمبێل، لە سۆشیال میدیا و ئەو دووکانانەی کە کاری جوانکاری ئۆتۆمبێل دەکەن دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە جامی بەردەم شۆفێر و جامی سەر سندووق (جامی دواوە) ئاساییە رەش بکرێت، بەڵام ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و قەدەخەیە لەبەرئەوەی ئاستی بینین کەم دەکاتەوە و پێویستە بەپێی رێنماییەکان بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران و دووکانەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل ئاگادار دەکاتەوە، کڕین و فرۆشتنی (لۆگۆی رێژە/ستیکەر) و گۆڕینی لەزگەی جامی ئۆتۆمبێل بۆ رێژەیەکی بەرزتر، بەبێ رەزامەندی وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان قەدەخەیە و سەرپێچیکار رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی هاتووچۆی سلێمانی، هەر شۆفێرێک بە پێچەوانەی رێنماییەکان جامی ئۆتۆمبێلەکەی رەش بکات، بە بڕی 500 هەزار دینار و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماوەی سێ رۆژ سزا دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ