نوخشە ناسیح: داوا لە خەڵکی سەیدسادق دەکەم رازی ببن شارەکەیان بخرێتە سەر هەڵەبجە

08-05-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین پڕۆژە دەکەونە بواری جێبەجێکردن لە هەڵەبجە. دەشڵێت هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی، سیتییەکی مۆدێرن و چەندین پڕۆژەی دیکە لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن. داوا لە وەبەرهێنەران دەکات و دڵنیاییشیان پێدەدات، کە روو بکەنە هەڵەبجە. 

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی  (رۆژی هیوا جەمال) بە رووداوی گوت هەموو هەوڵێک دەدەن هەردوو پڕۆژەی تووە قووت و سێ محەممەد لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێن و کاری جیدیش بۆ کردنەوەی دەروازەی سازان دەکەن. 

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە:

رووداو: سەردانی ناوشاری هەڵەبجەم کرد، لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵک قسەم کرد، لای خۆمەوە دەمگوت، دەبێت پارێزگار 24 کاژێرەکە نەخەوێت، چونکە چاوەڕوانییەکان ئەوەندە زۆرن، راستە لە 2013ـەوە پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستاندا مۆرەکەی لێدراوە، لە هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، بەڵام ئێستا ئومێدێکی دیکە بۆ خەڵک دروستبووە و چاوەڕوانییەکی زۆر گەورەیان هەیە، دەمەوێت بزانم کە ئەم چاوەڕوانییە گەورەیە لای تۆ گەیشتووە و لای تۆش هەیە وەکو پارێزگارێک کە لەگەڵ پەسندکردنی بە پارێزگەبوونی هەڵەبجە لە عێراقدا، خۆشت بووی بە پارێزگار؟

نوخشە ناسیح: سوپاس بۆ بەڕێزت و بۆ رووداو کە ئەمڕۆ میوانم، ئێوە میوانیش نین، بەڵکو خاوەن ماڵن، بەڵام حەز دەکەم شتێک راست بکەمەوە، ئێمە لە 2015ـەوە پارێزگەین چوارەمین پارێزگای حکومەتی هەرێمی کوردستانین، بەڵام وەکو نۆزدەهەمین پارێزگای حکومەتی فیدراڵ لە 14-04 دەنگی لەسەر دراوە و دواتریش لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆکراوە، بەڵێ بێگومان من لەگەڵ قسەکانی بەڕێزت و هەموو ئەو داواکارییانەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجەم، خەڵک چاوەڕێی زۆر دەکات و ئێمەش وەکو ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بێگومان ناڵێین 24 کاژێر با راستگۆ بین، بەڵام کاتی زۆر زۆرمان لە ئیشوکارەکاندا بەسەر دەبەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو داواکارییانە و ئەو پێداویستییانەی پارێزگای هەڵەبجە هەیەتی جێبەجێی بکەین، بێگومان خەڵک داواکاریی هەیە، بەڵام ئێمە خۆمان وەکو ئیداری پارێزگای هەڵەبجە، هەموو داواکارییانە دەزانین، ئەو پێویستییانەی خەڵک دەزانین، چۆن پارێزگاکە گەشە بکات، چۆن بووژانەوەیەکی جیاواز لەوەی کە دوای ئەوەی بووە نۆزدەهەمین پارێزگای حکومەتی فیدراڵ بەخۆیەوە ببینێت، ئێمە پێشتریش کە لە قایمقامیەت بووین، راستە پارێزگار نەبووین، بەڵام لە قایمقامیەتیش هەر هەستی پارێزگاریێتیمان هەبووە، پێموایە هەموو تاکێکی هەڵەبجە و هەموو ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە خۆی بە کەسی یەکەم دەزانێت، چۆن بۆ ئەوەی کە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات، دەزانێت چی بکات بۆ ئەم پارێزگایە و لەو کەرتەی خۆیدا چی بکات، ئەمەیش یەکەم خۆشحاڵییە بۆ من وەکو سەرۆکی یەکەی کارگێڕی و کەسی یەکەم لە پارێزگاکەدا، بەڵام بە راستی ئەرکەکە ئەرکێکی ئاسانیش نییە، ئەرکێکی قورسە، بەڵام ئێمە شانمان داوەتە بەری و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رووداو: کەواتە ئاڵنگاریی زۆرت لەبەردەمە؟

نوخشە ناسیح: زۆر زۆر، بەڵام خۆمم بۆ ئامادە کردووە.

رووداو: چۆن خۆتت بۆی ئامادە کردووە؟

نوخشە ناسیح: خۆمم بۆی ئامادە کردووە بەوەی کە دەزانم چۆن هەنگاو بنێم، خۆت دەزانی ئێستا چوارەمین پارێزگای حکومەتی هەرێمی کوردستانین، کۆمەڵێک کێشە و گرفتمان هەیە، لەناو کێشە و گرفتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە لە دوای 2014 رووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام ئێمە چۆن خۆمان دەرباز بکەین، چەند رێگەیەکمان هەیە، ئەوەی کە داواکاریمان هەبووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەی جیاواز لە پارێزگاکانی دیکە سەیری پارێزگای هەڵەبجە بکات. 

رووداو: چۆن جیاواز بێت؟

نوخشە ناسیح: ئێمە ئێستا ئەگەر بەپێی ئاماری گەشەی دانیشتووان بێت، ژمارەی دانیشتووانەکەمان 145 هەزار کەسە، لەوانەیە بەقەدەر دوو گەڕەکی یەکێک لە شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان نەبین. بۆیە ئێمە یەکەم داواکاریمان و یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بە شێوەیەک جیاواز بێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک پڕۆژەمان هەبووە پارەیەکی زۆری دەوێت، ئەگەر بەپێی بودجەی گەشەپێدانی پارێزگەکان بێت، لەوانەیە بە 10 ساڵی دیکەش جێبەجێ نەکرێت، خۆشبەختانە وەڵامدانەوەیەکی باش لەلایەن حکومەتەوە هەیە، دواتریش کە بووینە پارێزگایەکی نوێ، بە راستەوخۆ پێیانگوتین دەمانەوێت ئەم پارێزگایە بکەینە پارێزگایەکی نموونەیی، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی، بە خستنەسەرپێی پڕۆژەکانی، هەر لە هەفتەی رابردوو 20 پڕۆژەمان هەیە کە راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییانەوە لە قیرتاوکردن و پێداویستی و چاککردنی رێگەکاندا کە هەموو وردبینیمان بۆ تەواو کردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە وەکو هەنگاوێک، بەڵام هەنگاوی گرنگتر ماوە.
 
رووداو: ئێوە پڕۆژە تەواونەکراوەکان تەواو دەکەن یان پڕۆژەی تازە دەستپێدەکەن؟

نوخشە ناسیح: پڕۆژەی تەواونەکراومان هەیە بە چەند قۆناخێک، لەبەر ئەوەی پڕۆژەی وا هەیە بۆ نموونە 16 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، ئەوە بە یەک قۆناخ تەواو ناکرێت، ئەوانەمان کردووەتە قۆناخ بە قۆناخ، هەندێک پڕۆژەی دیکە هەیە خزمەتگوزارییە، قیڕتاوکردنە، چاککردنی رێگەیەکە، ئەوانە دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، دروستکردنی شەقامی 40 مەترییە، ئەمانە دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە کە گۆڕانکارییەک لە هەڵەبجەدا دەکات. لە پاڵیشدا کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە هەیە حکومەت نایکات، بۆ ئەوەی شارەکە گەشە بسەنێت، بۆ ئەوەی جوانکاری تێدا ببینی، ئێستا کە ئێمە دەچینە هەولێر و سلێمانی خەڵک زۆر ناڵێت ئەم شەقامە جوانە، بەڵکو دەڵێت ئەو مۆڵە جوانە، ئەو پارکە جوانە، ئەو شاری نیشتەجێبوونە جوانە، بۆیە ئێمە یەکێک لە قۆناخەکان کە دەمانەوێت دەستی پێبکەین لەگەڵ سێکتەرە جیاوازەکاندا، لەگەڵ وەبەرهێنەرەکاندا، بۆ ئەوەی شان بە شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسانکردنی رێکارەکان، کۆمەڵێک پڕۆژەی وەبەرهێنانە لە بواری کشتوکاڵیدا زۆرمان هەیە خۆشبەختانە کە دواتر دەتوانین باسی بکەین، بەڵام لە بواری گەشتیاری و نیشتەجێبووندا، بەنیازین کە ئەوانە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. خۆشبەختانە نەک تەنیا وەبەرهێنەرەکانی ناو پارێزگای هەڵەبجە، بەڵکو من نزیکەی بیست رۆژێکە کاری جیدی لەسەر ئەو بابەتە دەکەم، زۆر وەبەرهێنەر لە دەرەوەی هەڵەبجەش پەیوەندییان پێوەکردووین و یەکە یەکە یان سەردانمان دەکەن بۆ ئەوەی رێکارەکان بگرنەبەر و کۆمەڵێک پڕۆژەی جیاواز بکەن. پەنابەخوا بە کردەیی دەیبینی، مانگێکی دیکە نابات، دەستپێدەکەن، دەتوانی دوای مانگێکی دیکە بێیتەوە هەڵەبجە و بەرنامەیەکی دیکە بکەیتەوە و باسی بکەین، چونکە من زۆر حەزم لە شتی رووکەشی نییە. 

رووداو: کەواتە با بەشێک لەو قسانە ورد بکەینەوە، بۆ نموونە کۆمەڵێک پڕۆژە هەیە لە رابردوو بەجێماون، تەنانەت هەندێک شوێن هەیە بۆ نموونە کۆمەڵێک پڕۆژەی پارک هەیە، باڵەخانەی فەرمانگە حکومییەکان هەیە،  تەنانەت لە رووی نیشتەجێبوون و ئەوانەشەوە کۆمەڵێک باڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبوون هەیە کە تەواو نەکراون و بەجێ ماون، کەس ناچێتە ناوی. دوو شوێن هەیە دوو پرد کە لە ماوەی رابردوودا کرانەوە، بۆ نموونە تووە قوت، ئەمشەو چیرۆکێکی خۆشیان بۆ گێڕامەوە لەسەر ئەو پردە، برادەرێکی دەربەندیخانی ویستوویەتی هاوسەرگیری بکات لێرە لە هەڵەبجە. دایکی کچەکە گوتوویەتی وەڵڵاهی دەربەندیخان زۆر دوورە، کچەکەمی پێنادەم، لەبەر ئەوەی هاتووچۆکردنی زۆری پێویستە. کوڕەکە گوتوویەتی ئەوە پردی تووەقووت دەکرێت، هاتووچۆکە ئاسان دەبێت، ئەو کاتە بە ئاسانی دەتوانین هاتووچۆ بکەین، دایکی کچەکە رازی بووە. ئەوە نزیکەی بیست ساڵ پێش ئێستا بووە، ئێستا منداڵەکەیان لە پۆلی دوانزەی ئامادەییە، تائێستا پردی تووە قووت تەواو نەکراوە.  پرسیارەکەم ئەوەیە کەسی دیکە لە دەربەندیخانەوە بەو هیوایە بڵێت شوو دەکەم یان ژن دەهێنم، دەتوانێت بەڵێن بدات بە ماڵی خەزوورانی کە تاوەکو دوای ساڵێکی دیکە بەسەر ئەو پردەدا دێت بۆ هەڵەبجە؟ 

نوخشە ناسیح: منیش بەو خزمانەی دەربەندیخان دەڵێم، ئەمجارە تووە قوتیش نا، ئەوە تەنگی سێ محەممەدیش کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە زۆر نزیکتریشە. دەزانی چۆنە کاک هیوا، ئێمە با تۆزێک واقیعی بین. خەڵک مافی خۆیەتی، من خۆم وەکو پارێزگارێک ئێستا و پێشتر کە قایمقام بووم، زۆر جار قسەم لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە، رەخنەشم گرتووە،  لەوانەیە یەکێک بووبم لەوانەی لە سەرووی خۆمەوە گوتوویانە تۆ خۆت حکومەتی، کەچی رەخنە دەگریت. رەخنە بە مانای ئەوەی کە ئیشەکان جێبەجێ بکرێت و خێرا بکرێت، نەک ئەو پرۆژەیە، زۆر پڕۆژەی دیکەمان هەیە، خانووی شەهیدەکانمان هەیە کە 16 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، یەکێک لەو پڕۆژانەی کە گوتمان بەجێماوە و ئیشی لەسەر نەکراوە، خەریکە دەیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هاووڵاتییانیش دەزانن کە حکومەت لە چ قەیرانێک دایە، ئەم پڕۆژەی تووە قووتە دەرخستەکەی 33 ملیار دینارە، باوەڕەکەی ئێستا لەسەر گۆڕانکارییەکە وا خەریکە دەچێتە 60 ملیار دینار، واتە کە دەچیتە واقیعی ئیشکردنەکانەوە جیاوازە، بەڵام ئیش دەکات.

رووداو: نوخشە خان لێرەدا یەک کەوانەم بدێ، تاوەکو کەی بۆ نموونە پرۆژە پلانەکەی ئەوەندە خراپ بێت لە دوای دەستپێکردن و جێبەجێکردنی، ئەم هەموو گۆڕانکارییەی تێدابێت بگوترێت پارەمان نییە بۆی تەرخان بکەین؟ 

نوخشە ناسیح: خۆی نابێت وابێت. 

رووداو: ئەی وانییە، خۆ ئەوە چەند ساڵە حکومەتی هەرێم حکومەتی هەرێمە.

 

نوخشە ناسیح: با بۆت روون بکەمەوە، قەیرانی بە جێهێشتنی ئەو پڕۆژانە لە پترۆدۆلاردا بوو کە حکومەت ئەو کاتە گوتی نەوت دەفرۆشم، واتە خەیاڵێکی زۆر زۆر گەورەمان کرد، نەک تەنیا پارێزگای هەڵەبجە، بەڵکو لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی زۆر پڕۆژە خرانە بواری جێبەجێکردنەوە، دواتر ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو نەبوو، ئێستا وا گواستنەوەی دارایی بۆ دەکرێت لە بودجەی وەزارەتەکان و پەرەپێدان. بەڵام پڕۆژەی پردی تووەقووت و تەنگی سێ محەممەدیش، هەردووکیان کاریان لەسەر دەکرێت.

رووداو: شەقامەکە رۆشتووە تاوەکو سەر ئاوەکە، بەڵام ئەوەی لە ئاوەکە بپەڕێتەوە، گرنگە. 

نوخشە ناسیح: جا بابەتی ئاوەکە، کێشەی وڵاتی ئێمە شتێکە، من کەسێکم یاسام تەواو کردووە، لەوانەیە بە بەهۆی ئەزموونی ئیشکردنم هەندێک لە شتی ئەندازەیی بە چاو بیزانم، دەزانێت بۆچی وەستاوە؟ پردەکە، گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، لەبەر ئەوەی کاتی خۆی کە نەخشەکەی بۆ کراوە، بەرزترین ئاستی ئاوەکە دیاری نەکراوە، بۆیە وەستاوە،

رووداو: جا ئەوە زۆر گرنگە، ئەو کەسەی نەخشەسازییەکەی بۆ کردووە، خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبووە؟ 

نوخشە ناسیح: با یەک تێبینی بدەم بە جەنابت، نەک لە هەرێمی کوردستاندا، لە چ وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووە، پڕۆژە کە دەچێتە بواری جێبەجێکردن، گۆڕانکاری هەر دەکرێت، بەڵام هەموو پڕۆژەیەک نا. 

رووداو: گۆڕانکاری دەکرێت، بەڵام بە رێژەی 50٪؟ 

نوخشە ناسیح: هەموو پڕۆژەیەک کە بۆ وەبەرهێنەرێک دەردەچێت، لێی نووسراوە لە تەندەرەکەدا لە 7٪ـی گۆڕانکاری، واتە پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری بکرێت.
 
رووداو: کەی هەڵەبجە لەم گۆشەیە رزگار دەکەن؟ مەبەستم ئەوەیە بە کردنەوەی دەروازەی سازان، بە کردنەوەی ئەم پردانە کەی هەڵەبجە لەو گۆشەیە دەردەهێنرێت؟ بۆ نموونە برادەرێک لە بازگەکە لێیان پرسیبوو، دەچیتە کوێ، ئەویش گوتبووی بۆ مەگەر لە هەڵەبجە زیاتر شوێنی دیکە هەیە؟ واتە ناتوانی لە هەڵەبجە زیاتر بۆ هیچ شوێنی دیکە بڕۆیت. 

نوخشە ناسیح: هەندێکجار ئەم قسانەی خەڵکیش نەک لە هەڵەبجەدا، زۆرجار لە دەرەوە ئەم قسانە دەکرێت بۆ هەڵەبجە و بە ناوی خەڵکی هەڵەبجەوە دەکرێت، زۆرجار خەڵکیش تووشی نائومێدی دەکات.

رووداو: بۆچی ئەم قسانە گوشارتان نەخاتە سەر تاوەکو زیاتر ئیش بکەن؟

 

نوخشە ناسیح: من پێویستم بە گوشار نییە، من خەڵکی هەڵەبجەم، لە هەموو کەسێکی دیکە زیاتر دەزانم هەڵەبجە چی پێویستە و شەڕیشی بۆ دەکەم و داکۆکیشی بۆ دەکەم. من ناڵێم خەڵک رەخنە نەگرێت، بەڵام بەداخەوە هەندێکجار خەڵک لە دەرەوەی هەڵەبجە دێت رەخنە دەگرێت لە هەندێک ئیش و کار، کە وردەکارییەکەی نازانێت. من لێرەوە بە جەنابت و بە خەڵکی هەڵەبجە دەڵێم، دڵنیابن دانانیشم، نەک من، هەمووی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و هەموو ستافی هەڵەبجە، تاوەکو ئەو ئاوات و ئامانجانەی هەیە، جێبەجێ بکەین. ئێمە ناڵێن، ئەم ساڵ لە 100٪ جێبەجێ دەکەین، بەڵام ئێمە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێین، گرنگ ئەوەیە بەرەو دواوە نەڕۆین. پڕۆژەی تووە قووت و تەنگی سێ محەممەد لە جێبەجێکردندان، هەوڵی تەواویش دەدەین لە کاتی دیاریکراودا تەواو بکرێن. ئەو کەموکورتییانەی هەیە داکۆکیکار بووین لە چاککردنیاندا و لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی وەزیراندا لە هاوئاهەنگیدا بووین تاوەکو نەوەستێت و جێبەجێ بکرێت. باسی سازانت کرد، من کە یەکەم کۆبوونەوە وەکو پارێزگار کردوومە کە پێشتریش هەر لەگەڵ ئیدارەی پارێزگا کە قایمقام بووم، یەکێک بووم لەوانەی کە داکۆکیکار بووم و ئیشیشم لەسەر کردووە بەردەوام لەگەڵ ئەم پرۆسەی سازانە، کارێکی وا ئاسان نەبووە بڵێیت ئەمە فەرمانگەیەکە و دەچم باڵەخانەیەکی بۆ دەگرم، بەڵکو سازان لە نێوان دوو وڵاتدایە، ئێران و هەرێمی کوردستان و کە سەر بە عێراقین. یەک کۆبوونەوەم کردووە لەگەڵ قایمقامی کرماشاندا، یەکەم خاڵ کە باسم کردووە و جەختم لێکردووەتەوە، کە خۆشبەختانە پارێزگاری کرماشانیش کەسێکی ئیداری و زۆر تێگەیشتوو بوو، کە ئەوان ئیشی لەسەر بکەن و ئێستا حکومەتی هەرێم 60 ملیار دیناری دابین کردووە، کە رێگە بۆ سازان بکەین، چونکە سازان هەر دەروازەکە نییە، سازان ناوچەیەکی گەشتیاری خۆشە، ناوچەیەکی دڵڕفێنی کوردستانە، واتا لە رووی گەشتیاریشەوە ئێمە دەتوانین سوودی لێ وەربگرین و دڵنیابن مەرزی سازانیش دەکەینەوە و دەبێتە دەرچەیەکی باش هەم بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگای کرماشانیش سوودی هەیە. نەک تەنیا بۆ لایەنی ئێمە.
 
رووداو: کە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، پەسندکرا و بڵاوکرایەوە، دەمانبینی زۆربەی کەس پێی خۆش بوو بڵێت منیش پشکم هەبووە لە پەسندکردنی ئەم یاسایە، هەر یەکێک بە جۆرێک، واتە خاوەنی زۆر بوو، ئەم بە خاوەنبوونەی زۆرینە، تاوەکو چەند هاوکار دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی هەڵەبجە، چونکە جەنابت کەسێکی دڵسۆزی بۆ پارێزگاکەی خۆت، رەنگە بەتەنیا هیچت پێ نەکرێت، قسەکەم لەسەر ئەوەیە ئێوە داواکاریتان لە هەموو ئەم خاوەنانەی هەڵەبجە چییە بۆ ئەوەی کە هەڵەبجە ئاوەدانتر بکرێتەوە؟ 

نوخشە ناسح: خاوەنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە زۆر کەس دەگرێتەوە، لە یەکەم واژۆ کە کرا لە گوندێک لە گوندەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە 2011ـەوە کە بیرم دێت، لەو کەسەوە تاوەکو سەرۆککۆمار، هەمووی خاوەنیەتی، لەبەر ئەوەی ئێمە لە چاوی هەموو خەڵکدا بینیمان لەناو هەڵەبجە و دەرەوەی هەڵەبجەش کە خەڵک چەند دڵخۆش بوو، لە هەموو کوردستاندا و تەنانەت لە دەرەوەش خەڵک زۆر دڵخۆش بوون. بۆیە هەموو کورد خاوەنیەتی. 

رووداو: ئەی ئەرکەکەی؟

نوخشە ناسیح: ئەرکەکەشی، ئێستا ئێمە وەکو هەڵەبجە خۆمان وەکو هەڵەبجەییەکان خەریکین کار دەکەین لەسەری، بەڵام لەپاڵیشدا بانگهێشتی خەڵکی دەرەوە دەکەین، داوای هاوکاریی دەکەین و خۆشبەختانەش هاتوون بە دەممانەوە، ئەم پرۆسەی گەشەسەندنی پارێزگای هەڵەبجە، ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی هێنانی کۆمەڵێک وەبەرهێنەرەوە، بێگومان بە هاوکاری و پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. بتەوێت و نەتەوێت، وەبەرهێنەرێک کە سەیری شوێنێک دەکات، ئەگەر رێوشوێنە ئابوورییەکانی لەبار نەبن و قازانجی نەبێت، نایەت، بۆیە ئێمە داوامان کردووە لە حکومەت و لە کەسایەتییەکان، بەتایبەتی جەنابی جێگری سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران، کە هاوکارمان بن بەوەی کە دەستگیرۆیی ئەو وەبەرهێنەرانە بکەین. 

رووداو: ئەو دەستکەوتی ئابوورییە چۆن دروست دەکەن؟ من لەگەڵ هەندێک کەس قسەم کرد بۆ نموونە، دوای بەپارێزگابوونەکەی وەکوو لە عێراق مەبەستمە، نرخی زەوی لە هەڵەبجە زۆر بەرزبووەتەوە، دەیانگوت خەڵک لە هەولێرەوە هاتووە زەویی کڕیوە، ئەوەش وایکردووە بۆ نموونە نرخەکانی هەر زەوییەک بە لانیکەم سێ هەزار دۆلار بچێتە سەرەوە، پرسیارەکەم لەوەیە یەکسەر گۆڕانکاری لە واقیعدا روویداوە، ئینجا ئێوە ئەم دەستکەوتە ئابوورییە چۆن دروست دەکەن؟ 

نوخشە ناسیح: من حەز ناکەم ئەو قسەیە بکەم، بەڵام من وەکو پارێزگارێک نا، وەکو کەسێک ئەگەر پارەم هەبووایە، وەبەرهێنەر بوومایە، جوانترین پڕۆژەی گەشتیاریم دروست دەکرد، لەبەر ئەوەی خۆی هەر سرووشتی هەڵەبجە گەشتیارییە، ساڵانە چەندین گەشتیار لە خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجە دەکەن و خەڵک هەیە لە هەولێرەوە دێت، بە هەفتە لەم ناوچەیە دەمێنێتەوە، خەڵکی سلێمانی زۆر جار بۆ نان خواردنێک دێن بۆ ئێرە، ئێرە خۆی دەستکەوتی ئابووری هەیە، بەڵام وەبەرهێنەرەکان بەداخەوە هەندێک جار ئەوە نابینین.

رووداو: چی دەکەن بۆ ئەوەی بیبینن؟

نوخشە ناسیح:  یاخود دەیانەوێت بۆ نموونە دەیانەوێت هۆتێلێک دروست بکەن، دوای سێ چوار ساڵ پارەی هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی بداتەوە، ئەمەش لە هیچ شوێنێکدا روونادات. ئێمە ئێستا کاری باشمان کردووە، کۆمەڵێک وەبەرهێنەر هاتوون و بە نیازن کە هۆتێلی گەشتیاری بکەنەوە و ناوچەی گەشتیاری بکەنەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە تاوەکو ئێستا هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەمان نییە، کە خۆشبەختانە ئێستا چەند کەسێک پێشکەشی کردووە، لەناو هەڵەبجە و لە دەرەوەی هەڵەبجەش.

رووداو: ئاسانکارییەکان بۆ ئەوانە چییە؟ چونکە یاسا و رێنماییەکان جیاوازن لە پارێزگەکان و لەم بابەتانە، هەڵەبجە لەم یاسا و رێنماییانە جیا دەکرێتەوە؟ 

نوخشە ناسیح: بەدەر لەوە، لە سێ ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، کۆمەڵێک جیاوازی لە یاساکان و رێنماییەکانی وەبەرهێنان کردووە، هەر ئەو کاتەش ئاسانکاری کردووە، بەڵام بۆ هەڵەبجە بە جیاواز، بەڵێ بۆ کەرتی وەبەرهێنان بۆ نموونە ئەگەر وەبەرهێنەرێک هەندێک پڕۆژە هەیە دەڵێت ئەگەر لە ملیارێک زیاتر نەبێت، ناچێتە وەبەرهێنانەوە، بەڵام بۆ هەڵەبجە کراوە بە 500 ملیۆن دینار، هەندێک رێنمایی و وردەکاری دیکەش هەیە کە بەڕێوبەرایەتی وەبەرهێنان بڵاویشی کردووەتەوە، خۆشبەختانە خەڵک هاتووە، ئێستا ئێمە لە کەرتی کشتوکاڵیدا زۆر پڕۆژەی گەورەمان هەیە، سەرمایەدارانی هەڵەبجە و هەورامان زۆر کار و پڕۆژەی گرنگیان کردووە، چونکە ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی دەوڵەمەند لە سنوورەکەمان هەیە، کاری خێرخوازیشیان کردووە و پڕۆژەی زۆر زۆر گەورەشیان کردووە کە لەوانەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو جۆرە پڕۆژانەی نەکردبێت. ئێستاش خۆشبەختانە سەرقاڵی ئەوەین لەگەڵ ژووری بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنان و شارەوانیی هەڵەبجە کە زەوی تایبەت ئامادە بکەین بۆ سیتییەکی جیاواز و کوالێتی باش، کە سەرجەم پێداویستییەکانی تێدابێت بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە ئەمە هەنگاوێکی باش و جیاوازە.

رووداو: قسەیەکەم بینی وابزانم بە زاری تۆوە کرابوو، دەمەوێت بزانم راستە یان نا، گوایە گوتووتە با سەیدسادقیش بێتە سەر هەڵەبجە، بۆ ئەوەی رووبەرەکەی فراوانتر بێت، ئەمە قسەی جەنابتە؟

نوخشە ناسیح: خۆی ئێمە سەیدسادق و شارەزوور و پێنجوێن و ئەو شوێنانە، قەت بە جیاواز لە خۆمان سەیرمان نەکردووە، ئەمە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە.

رووداو: بەڵام لە رووی جوگرافی و ئیدارییەوە لەسەر هەڵەبجە نین.
 
نوخشە ناسیح: لە رووی ئیدارییەوە بەڵێ، ئێستا کە دوایین جار لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە کە نەخشەکەمان بۆ جیاکراوەتەوە، ئێمە ناوەندی پارێزگاکەین و هەر چوار ناحیەکەمان هەیە، بەڵام ئەمە رێگر نابێت لەوەی کە ئێمە سنووری ئیداریمان فراوان بکەین.

رووداو: داوا دەکەیت خەڵکی سەیدسادق رازی بن بێنە سەر پارێزگەی هەڵەبجە؟ 

نوخشە ناسیح: من پێموانییە خەڵکی سەیدسادق ناڕازی بن یاخود خەڵکی شارەزوور، یان خەڵکی شوێنێکی دیکە.

رووداو: ئەی کێ ناڕازییە؟

نوخشە ناسیح: کەس ناڕازی نییە.

رووداو: ئەی بۆ نەهاتوون؟

نوخشە ناسیح: ئەمە پێشتر حەزم نەکرد باسی ئەو بابەتە بکەین، لەبەر ئەوەی پێشتر لایەنێکی سیاسی بوو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی دەنگ، ئەو بابەتەیان ورووژاند، ئەگینا حەز دەکەیت دوای بەرنامەکە من و تۆ پیاسەیەک دەکەین لە ناو سەیدسادق بزانە هەڵوێستی خەڵکی سەیدسادق چۆنە، بەڕاستی خەڵکی ئێمە ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە و ئەو ناوچانە، هەست دەکەم تەرکیبەکەمان جیاوازە، زۆر کۆمەڵایەتین و زۆر تێکەڵین. زۆر پەیوەیستین بە هەندێک داب و نەریتی خۆمانەوە. 

رووداو: ئێستا من وەڵامەکەمم وەرنەگرتەوە؟ 

نوخشە ناسیح: وەڵامەکە ئەوەیە کە وەری دەگریتەوە. 

رووداو: داوا دەکەیت سەیدسادق بێتە سەر هەڵەبجە؟ 

نوخشە ناسیح: من بە شانازییەوە داوا دەکەم.

رووداو:  خەڵکی سەیدسادق لەم بابەتەدا کێشەیان نەبووە؟

نوخشە ناسیح: وەکو گوتم خەڵکی رەسەنی سەیدسادق بەهیچ شێوەیەک کێشەیان نەبووە. کە دەستێکی دەرەکی قسە دەکات، بە ناوی ئەوانەوە. ئەوا رێگر نابێت. بەڵام لەپاڵیدا ئێمە ئێستا وەکو ئەم پارێزگایەی سنوورە ئیدارییەی کە هەمانە، پلانیش ئەوەشمان هەیەلەڕووی ئیداریشەوە فراوانی بکەین، ئێستا ئەوە خورماڵ بووە بە قەزا، دەتوانین قەزایەکی دیکەش زیاد بکەین. 

رووداو: بە قەزابوونی خورماڵیش دوانەکەوتووە؟

نوخشە ناسیح: خۆی دوا نەکەوتووە، هەندێک ترسیان لا دروست بوو بوو خەڵکی خورماڵ گوایە لەسەر نەخشەکە نییە، بەڵام کاتێک نەخشەکە کراوە و پەسندکراوە، خورماڵ ئەو کاتە ناحیە بوو، چونکە لە 2022 و 2023 و ئەوانە بوو، هەندێک رێکاری ئیداری و شکڵی جێبەجێ دەکەین لە رێگەی وەزارەتی پلاندانانی خۆمان.

رووداو: کەی جێبەجێ دەکرێت؟

نوخشە ناسیح: جارێ با بابەتی وەقایعی عێراقی تەواو ببێت، کە هێشتا تەواو نەبووە. با تەواو ببێت و فەرمانەکەی بگاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوکاتە رێکارەکان دەستپێدەکەن. زۆر شتی دیکە هەیە کە هەموومان پەلەمانە، تۆ دەڵێیت خەڵک پەلەیەتی، بەڵام من لە هەمووان زیاتر پەلەمە. 

رووداو: ئەوە گوشاری خەڵکە لەسەرتان، بۆ نموونە یەکسەر نرخی زەوییەکە بەرزبووەوە، ئەوە بەچاو بینرا، بۆیە دەیانەوێت لە ژیانی خۆیاندا ئەو جیاوازییەش بەچاو ببینن، کە 19 ـەمینی پارێزگەی عێراقە، بێگومان ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر حکومەتی عێراق و نوێنەرانی کوردیش کە وەکو هێمایەکە بۆ عێراقیش.
 
نوخشە ناسیح: ئینجا ئێستا منیش بە هەمووتان دەڵێم، کەستان بەقەدەر من پەلەی نییە، بۆئەوەی کە بەردێک بخەمە سەر بەردێک. لەبەر ئەوەی من ئێستا راستە پارێزگاری هەڵەبجەم، بەڵام ئەرکێکی زۆر قورس لە سەرمە و چاوەکان زۆر زۆر لە سەرمە، بۆیە کەس بە قەدەر من حەز ناکات و هەوڵ نادات و دڵنیاشیان دەکەمەوە وەکو گوتم، دانانیشم تاوەکو شتێک بە چاو نەبینرێت، هەم لە رووی هەیکەلی ئیدارییەوە، هەم لە رووی فراوانکردنییەوە، هەم لە رووی بووژانەوەکەیەوە. 

رووداو: ئاماژەم بە دوو سێ بابەت کرد، پارکەکان، فەرمانگە حکومییەکان کە بەجێماون، تاوەكو بە باڵەخانەی پارێزگاشەوە؟ 

نوخشە ناسیح: باڵەخانەی پارێزگا یەکەم هەنگاومانە، زەوییەکەمان دابینکردووە، نووسراوەکەمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، تەنیا وەڵامەکەی بێتەوە، دەست بە دروستکردنی دەکەین. هیچ کێشەیەکیان نییە، سەبارەت بە هەندێک باڵەخانە بۆ نموونە باسی خانووی شەهیدەکانمان کرد، ئەوەش 16 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و داومانە بە ئەنجوومەنی وەزیران، کە قۆناخ قۆناخ بۆمان جێبەجێ دەکەن. هەندێک باڵەخانەی دیکە هەن، وەکو سەرۆکایەتی زانکۆ، 30٪ـی ماوە، ئەوانەش هەمووی وەڵامەکەی لەوانەیە هەفتەی داهاتوو بۆمان بێتەوە و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هەندێک لە فەرمانگەکان، داوای زەوییان کردووە و وەکو بینا بەجێنەماون. تەنیا بینای قایمقامیەت بەجێماوە. 

رووداو: ڤیدیۆیەکم بۆ هاتبوو، وابزام ئاوی کانیی عەبابەیلێیە، دەڕوات. 

نوخشە ناسیح: کانی چی لێبکەین. هەر دەبێت بڕوات. 

رووداو: هەندێک بابەت هەیە چارەسەرکردنی ئاسانە، بۆ نموونە دەکرێت ئاوی ئەو کانییە بکرێتە بۆڕییەکەوە و سوودی هەبێت؟ 

نوخشە ناسیح: ئاخر کانی بۆچی بکرێتە بۆرییەوە؟ رەنگە مافی بەکارهێنانی خەڵکی بەسەرەوە هەبێت، هەندێک بابەتی کشتوکاڵی هەیە ناتوانیت. ئێمە وەکو هەڵەبجە هیچ کێشەی ئاوی خواردنەوەمان نییە و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تاکە پارێزگەین کێشەمان نییە و پرۆژەیەکی جوان و خاوێنی ئاوی خواردنەوەمان هەیە. 

رووداو: مادام ئەوەندە ئاوی سازگارتان هەیە، بە نیاز نین ئەو ئاوە سازگارە بنێرنە دەرەوە لە رێگەی دانانی کارگەیەکی ئاوی سرووشتی؟ 

نوخشە ناسیح: ئەوە کاری وەبەرهێنەرە، لە نزیک ئەحمەدئاوا سەرقاڵی پڕۆژەیەکی لەم شێوەیەن، ئەم بابەتانە دەبێت وەبەرهێنەر پێشکێشی بکات، ئێمەش هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین، لە رێگەی ئەم بەرنامەشەوە بە وەبەرهێنەران دەڵێم، ئەگەر هەڵەبجەتان خۆش دەوێت، ئەگەر حەز دەکەن هەڵەبجە جوان بێت، مەترسن، وەرن سوودی ئابووریی هەیە، ناوچەکەمان دەوڵەمەندە و لە هەموو بوارەکاندا سوودی دەبێت و بواری کارکردنی تێدایە، ناوچەیەکی کشتوکاڵی و گەشتیارییە و زۆرترین گەشتیارمان هەیە. دەتوانن پڕۆژەی جیاواز و جوان بکەن. هەم شارەکەی ئێمەش جوان دەبێت، هەم ئەوانیش سوودمەند دەبن.

رووداو: هەندێک پرسیارم بۆ هاتووە، کە دێیت لە دوای مۆنۆمێنتەکەوە، رووکارەکەی وەکو پارێزگا ناشێت، کۆمەڵێک نایلۆن ئەو شتانەی تێدایە، چاکی ناکەن؟ 

نوخشە ناسیح: هەر دوێنێ سەرۆکی شارەوانی داوا دەکات هەموویان بچنە دەرەوە، ناوچەی پیشەسازیمان هەیە، شوێنی تایبەتمان هەیە، داوای کردووە کە شوێنەکان چۆڵ بکەن و وردە وردە چاکی دەکەین. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.