رووداو دیجیتاڵ
هێشتا هاوین نەهاتووە سەرچاوەی ئاوی ئیدارەی راپەڕین و بەتایبەت سنووری قەڵادزێ کەمیکردووە. بەڕێوەبەری ئاوی سنوورەکە دەڵێت، کێشەکانیان بە دروستکردنی بەنداوی دەڵگە چارەسەر دەبێت.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاوی زێی بچووک کەمیکردووە، جاران ئێران سەرچاوەی ئاوەکەی دەگرتەوە، ئێستا بەهۆی کەمبارانییەوە ئێران خۆشی کەمئاوە و ئاوی زێیەکەش کەمیکردووە".
ئاوی زێی بچووک سەرچاوەی ئاوی نزیکەی 100 هەزار دانیشتووی سنووری پشدەرە. هاوکات دەڕژێتە بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن.
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ کێشەی کەمئاویمان نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە هاوین کێشەکانمان سەرهەڵدەدەن و رووبەڕووی کەمئاوی دەبینەوە".
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، بڕیاربوو بەنداوی دەڵگە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروست بکرێت.
سەلام عومەر گوتی: "بەنداوەکە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە، بڕیاربوو بە تێچووی 600 ملیۆن دۆلار دروستبکرێت، بەڵام هەنگاوی کرداریی بۆ نەنراوە".
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی جیا سەردانی شوێنی بەنداوەکەی کردووە. هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی عێراق لەسەر هێڵ بوون، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ جێبەجێکردنی بەنداوەکە تەرخان نەکردووە.
سەلام عومەر پێیوایە دروستکردنی ئەو بەنداوە کێشەی کەمیی ئاو لە ئیدارەی راپەڕین و سلێمانیش چارەسەر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ