رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی دەم پارتی، پێشتر درکیان بە دانانی پارچە ئاسنێکی تیژ لە تایەی ئۆتۆمبێلەکەی سری سورەییا ئۆندەر کردووە و بابەتەکەیان گەیاندووەتە لایەنی فەرمی، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان پێ نەدراوە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیێندراوێکی سەبارەت بەو هەواڵانە بڵاوکردەوە کە باس لە ئەگەری "کوژران"ـی سرری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و شاندی ئیمراڵی دەکەن.
راگەیێندراوەکەی دەم پارتی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 8-5-2025 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا جەختکراوەتەوە کە بەشێک لە دەزگای میدیا و بڵاوکردنەوە هەواڵ لەبارەی "کوشتن"ـی سری سورەییا بڵاودەکەنەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رۆژی 2ـی نیسان کارمەندی گەراج لەکاتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلەکەی سری سورەییا ئۆندەر هەستی بە دەنگێک لە تایەی دواوە کردووە و ئۆتۆمبیلەکەی بردووەتە ناوەندی خزمەتگوزاریی ئۆتۆمبێل. لە ئەنجامی بەدواداچوون دەرکەوت، کەرەستەیەکی لە ئاسن دروستکراوی بڕەر لە تایەی چەپی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەکەدا جێگیر کراوە".
دەم پارتی هەروەها دەڵێت، سری سورەییا ئۆندەر بابەتەکەی گەیاندووەتە رێکخستنەکانی دەم پارتی و هەڵسەنگاندن و لێپێچینەوەی پێویست کراوە. رووداوەکە و بەڵگەکان گەیێندراون بە پێگە فەرمییەکان. دەم پارتی و ئۆندەریش لە نزیکەوە چاودێریی بابەتەکەیان کردووە.
دەم پارتی دەشڵێت: "بەهۆی هەستیاریی لێکۆڵینەوەکە بابەتەکە بۆ رای گشتی بڵاونەکراوەتەوە. بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکمان لەبارەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بەدەست نەگەیشتووە".
مردنی سری سورەییا ئۆندەر
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاری دەم پارتی بوو.
ئەندامی شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی.
ئەوان سەرقاڵی کۆبوونەوە بوون لەگەڵ پارت و لایەنەکان.
ئۆندەر رۆژی 15-4-2025 کتوپڕ تەندروستیی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە. پزیشکانی رایانگەیاند کە جەڵتە لێی داوە.
دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئۆندەر رۆژی شەممە 3-5-2025 کۆچی دواییکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ