رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری حەسەکە دەڵێ، ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەی عەفرینی بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان تەواو بووە و بڕیارە سبەی شەممە ئەو پڕۆسەیە دەستپێبکات؛ دەشڵێت: "ئامانجمان ئەوەیە هیچ ئاوارەیەک و هیچ زیندانییەکی سیاسی نەمێنێت."
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نووشین حەمێ، ئیدیتۆر لە دێسکی رۆژئاوای کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە دەستیپێکردووە و لەم قۆناخەدا زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەی عەفرین دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە سنووری عەفرین.
پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکانی ناوچەکانی دیکە بۆ زێدی خۆیان؛ هەروەها گوتی: "ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین کە بگەینە قۆناخی 'سفر ئاوارە' و هیچ خێزانێک لە ئاوارەییدا نەمێنێت."
سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئازادییەکان، نوورەدین ئەحمەد بۆ رووداو جەختی لەوە کردەوە کە یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانیان ئەوەیە "سفر زیندانیی سیاسی و گیراو لەسەر راوبۆچوون" هەبێت و کار بۆ چەسپاندنی تەواوەتی ئاسایش و سەقامگیری دەکەن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، پارێزگاری حەسەکە باسی لەوە کرد کە دوای گەڕانەوەی ئاوارەکان و سەقامگیربوونی دۆخەکە، دەچنە قۆناخێکی نوێ کە ئەویش پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و پێویستەکانە بە هەموو هاووڵاتیان لە ناوچەکانی خۆیاندا.
رۆژی 29-01-2026 هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا رێککەوتن و لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لە سەرەتای ساڵی 2018دا سوپای تورکیا و ژمارەیەک گرووپی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریای ئەو کات و نزیک لە تورکیا هێرشیان کردە سەر عەفرین و چەند رۆژێک پێش نەورۆز ئەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵکرد. ئەو ئۆپەراسیۆنە شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوونی هاونیشتمانییانی عەفرینی لەگەڵ خۆی هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ