رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) گیانلەدەستدانی گەریلایەکی خەڵکی سلێمانی لە ناوچەی زاپ-ی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە، 8ی حوزەیرانی 2023، هەپەگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەی شەڕکەری سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەیەکی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەی زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، گەریلایەک گیانی لەدەستدا.
هەپەگە ناسنامەی گەریلاکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، گەریلاکە ناوی شڤان محەممەد-ە و بە 'زەردەشت باشووری' ناسراوە و خەڵکی سلێمانییە، رۆژی 24ی ئایاری 2023 گیانی لەدەستداوە.
رۆژی 26ی ئایاری 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ناوچەی زاپ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان ئەنجامداوە و سێ گەریلا کراونەتە ئامانج.
ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە روونیکردەوە، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، سوپای تورکیا لە رێگەی 15 فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-16 و دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی شەڕکەرەوە 110 جار قەندیل و پێگەکانی پەکەکەی لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
رۆژی 18ی نیسانی 2022 ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤا شین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 533 گەریلا و کوژرانی 80 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 890 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 311 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ