رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ 10 کارگەی ئاردی سفر دادەمەزرێنن؛ یەکێکیان لە پارێزگای دهۆک دەبێت.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رۆژی شەممە 08-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چوار کارگەی ئارد دەستیان بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفری بازرگانی کردووە؛ سیانیان لە بەغدا و ئەوی دیکەیان لە کەرەبەلایە."
رۆژانە ئەو چوار کارگەیە زیاتر لە 3000 تۆن ئاردی سفر بەرهەم دەهێنن.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، "10 کارگەی دیکەی ئارد لە سەروبەندی تەواوکردندان و بڕیار ئەم ساڵ بکەونەکار. یەکێکیان لە پارێزگای دهۆکە."
محەممەد حەنوون گوتیشی، "فەردەیەک ئاردی سفر 29 هەزار دینارە، ئەوەش نرخێکە دەتوانێت کێبڕکێی ئاردی هاوردە بکات. بەرهەمی عێراقیش بەگوێرەی پێوەر و پشکنینی جۆری دەبێت، هیچ مادەیەکی کیمیایی تێناکرێت کە زیان بە تەندروستی بگەیێنێت."
عێراق ساڵانە 2.5 ملیۆن تۆن ئاردی سفر هاوردە دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق گوتی، "ئەو کارگانەی ئارد پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیین، کە ئێستا وەزارەتی بازرگانی کاریان لەسەر دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی حکومەت و پاراستنی دراوە لەگەڵ کوالێتیی بەرهەمی نیشتمانی، کە بەگوێرەی رێکارەکانی پشکنینی جۆری دەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ