رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، 6 تریلیۆن تمەن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی پیترۆکیمیایی دێلورانی رۆژهەڵاتی کوردستان تەرخان کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''پێویستە بانکەکان سەبارەت بە دەستخستنی تەرخانەکە هاوکار بن.''
حەسەن عەباسزادە، بریکاری وەزیری نەوتی ئێران کە هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازیی پیترۆکیمیای وڵاتەکەیە، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی پڕۆژەی کۆمەڵگەی پیترۆکیمیایی دێلورانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: ''ئەوە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی ناوچەکەیە کە بۆ تەواوکردنی، شەش تریلیۆن تمەن (نزیکەی 73 ملیۆن و 170 هەزار دۆلار) تەرخان کرا".
حەسەن عەباسزادە گوتی، دەبێت بانکەکان هاوکاریی پێویست بکەن بۆ دەستخستنی تەواوی تەرخانکراوەکە.
پیترۆکیمیایی دێلوران ساڵی 2008 بەردی بناخەی دانرا و ساڵی 2018 دەستی بە کار کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی 50٪ـی تەواو بووە. بریکاری وەزیری نەوتی ئێران گوتی: ''وەبەرهێنانی باش لە پڕۆژەکەدا کراوە، بۆیە بێگومان دەبێ بگاتە ئەنجام.''
کۆمەڵگە پیترۆکیمیاییەکە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی پارێزگای ئیلامە کە دوای تەواوکردنی، ساڵانە توانای جیاکردنەوەی 821 هەزار تۆن پێکهاتەی نەوتی دەبێت.
تەمموزی 2023 بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگەی پیترۆکیمیایی دێلوران تووشی گرفتی دارایی و ناڕەزایی کرێکاران بوونەوە کە لە ئەنجامدا کارکردن وەستا، بەڵام 20ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەسەدوڵڵا چراغی، پەلەمانتاری ئێران لە پشکی شارەکە رایگەیاند، بڕیارە بۆ دەستبەکابوونەوەی، 6 هەزار ملیار تمەن وەک ''قەرزی بانکی'' بدرێتە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ