رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، تەنیا لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا دوو هەزار و 133 سڤیل کە زۆربەیان عەلەوی بوون، بە دەستی میلیشیاکان و چەکدارانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا کوژراون. دەشڵێت: "تایفەگەری پاڵنەری سەرەکیی زۆربەی هەڵمەتەکانی کوشتن بووە."
رامی عەبدولرەحمان، میوانی بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ رێبوار محەممەد، گفتوگۆیان لەبارەی راپۆرتی روانگەکە کرد سەبارەت بە کوشتنی حەوت هەزار و 670 کەس لە دوای رووخانی ئەسەد.
رامی عەبدولڕەحمان بە رووداوی راگەیاند، داتا و زانیارییە کۆکراوەکانیان "زۆر ورد" و پشتڕاستکراوەکان. لە رێگەی چالاکڤانەکانیانەوە داتا کۆکراونەتەوە و زۆر نزیکە لە راستی.
"ژمارەی کوژراوەکان و کەیسەکانی رفاندن و ئەشکەنجەدان زۆر لەو داتایانە زیاترە کە بڵاویانکردووەتەوە بەهۆی ئەوەی لە هەموو گوند و شارەدێ و شارۆچکەکانی سووریا چالاکڤانیان نییە." سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ وای گوت
رۆژانە "کوشتن و بڕینی بەردەوام لە هەموو شوێنێکی سووریا هەیە". رامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: "هۆکار و پاڵنەری کوشتنەکان تۆڵەسەندنەوە، تاوان، تایفەگەری و ئۆپەراسیۆنی سەربازییە، بەڵام زۆربەیان لەسەر بنەمای تایفەگەرییەوە کراون."
سەرۆکی روانگەی سووری بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە داتایانە بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی "ئەخلاقی" دەزانێت و باس لەوە دەکات کە ئامانج و پەیامیان لە بڵاوکردنەوەی داتاکان، "بەرگرتن و کۆتاییهێنانە بە کوشتن و بڕین."
رامی عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو، "دەسەڵات بەپاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ئەمریکیش زۆر شت پەردەپۆش دەکات و بەلارێیدا دەبات، بەڵام ناتوانێت کوشتن و بڕین و کەیسەکانی رفاندنەکان بشارێتەوە."
"زۆربەی کوشتنەکان لە دژی خەڵکی سڤیل بووە" و بە گوتەی سەرۆکی روانگەی سووری "5784 شەهیدیان سڤیلە و پاڵنەرەکەشی تایفەگەری بووە. کوشتنی مەیدانی بووە راستەوخۆ بۆ ئامانجی کوشتن تەقەیان لێکراوە. تەنیا لە مانگی ئادار 2133 کەسی سڤیل لە کوژران کە زۆربەیان لە ناوچەی کەناراوەکان، حومس و حەما بووە."
ئەو ژمارانەی روانگەی سووری تۆماری کردوون بەپێی رامی عەبدولڕەحمان کردووە ژمارەی راستەقینە نین، "بەڵکو ژمارەکە زۆر لەمە زیاترە. هەر لەنێو سڤیلەکاندا 1726 بە دەستڕێژی گوللـە بە دەست میلیشیاکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی کوژران. بەشێک لەوانە ئەو میلیشیانانە بوون کوردیان لە عەفرین دەکوشت ئێستا عەلەوییەکان لە ناوچەکانی کەناراوەکان دەکوژن."
باسی لەوەشکرد، کورد و حکومەتی سووریا رێککەوتوون، لەپاڵ ئەمەشدا میدیای سێبەری دەسەڵات "هەڵمەتی ناشیرینکردنی کوردیان دەمێکە دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن و چەندین تۆمەتیان خستووەتە پاڵ هەسەدە لە کوشتن و بڕین و تادوایی." هەمان شت لە "دژی درووزەکان بە گشتی و شێخ حیکمەت دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە بڕیار وابوو، سەرۆکی حکومەت لەگەڵ شێخ حیکمەت کۆببێتەوە بۆ پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی."
رامی عەبدولرەحمان نیگەرانییەکانی خۆی نەشاردەوە لەبارەی ئەو کەسانەی تاوانەکان پەردەپۆش دەکەن و رایگەیاند، نازانین ئەوانەی ئەم جۆرە پروپاگەندانە دەکەن، کەسانی نزیکی سەرۆکی ئەم وڵاتەن و دژی هەڵمەتەکانی سووریای نوێن بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسیی و وڵاتی هاونیشتمانیبوون؟
گوتیشی: "ئامادەین بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی دەوڵەتی سووریا بۆ گەیشتن بە سووریایەکی ئارام و کۆتاییهێنان بەم رەشبگیرییە و پێشێلکارییانە. پێچەوانەی ئەمە، روانگەی سووری ئامادەنییە بڵێت، دۆخەکە بەهار و گوڵ و گوڵزارە."
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، راپۆرتێکی وردی لەبارەی سووریای دوای ئەسەد لە شەش مانگی رابردوودا بڵاوکردووەتەوە. تێیدا رایگەیاندووە لە سەرانسەری سووریادا 7670 کەس کوژراون کە 5784یان سڤیل بوون و لەنێویاندا 306 منداڵ و 422 ژن هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ